ئەمڕۆ یەکشەم 22ی ئاداری 2026، دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و هۆشداریی دا لە بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی کەشوهەوا و بارینی بارانی بەلێزمە لەم هەفتەیەدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی کەشناسی، نوێترین نەخشەکانی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەدەن کە ناسەقامگیریی کەشوهەوا لە ڕۆژانی ئەم هەفتەیەدا بە پچڕپچڕی بەردەوام دەبێت. شەپۆلەکە بارانبارینی جیاوازی لەگەڵدا دەبێت، کە لە هەندێک کاتدا دەگۆڕێت بۆ لێزمەباران و بایەکی خێرا، لەگەڵ ئەگەری بارینی تەرزە.
کەشناسیی عێراق دووپاتی کردەوە کە پێشبینی دەکرێت ڕۆژی پێنجشەم (26ی ئادار)، کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێشڕەویکردنی سەنتەری نزمەپاڵەپەستۆی سەر زەوی و هاوکاتبوونی لەگەڵ شکانەوەی بای چینەکانی سەرەوە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوری کەڵەکەبووی چالاک.
بەو هۆیەوە، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژ و شەوی پێنجشەمدا بارانێکی بەخوڕ و هەورەتریشقە زۆربەی ناوچەکان بگرێتەوە، کە بایەکی خێرا و بارینی تەرزەی لە هەندێک شوێندا لەگەڵدا دەبێت.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە ڕێوشوێنی پێویست و خۆپارێزی بگرنەبەر، و بەردەوام چاودێریی نوێترین پێشبینییەکانی کەشوهەوا بکەن.