بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگەی هەواڵگریی عێراق لە بەغدا بە درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشی كرایە سەر و ئەفسەرێك كوژرا و چەند كارمەندێكیش بریندار بوون، زیانیش بە بارەگەكە كەوت، شارەزایان رووداوەكەیان بە پەرەسەندنێكی مەترسیدار بە ئاراستەی كردنەئامانجی راستەوخۆی دامەزراوە تەناهییەكانی دەوڵەت و هەوڵدان بۆ هەڕەشەكردن و لاوازكردنی دەسەڵاتی لەقەڵەم دا.
ئەحمەد شەریفی شارەزای تەناهی پێی وایە هێرشەكە بەرجەستەی گۆڕان لە سروشتی شەڕەكە دەكات، ئامانجەكان تەنیا بنكە و بەرژەوەندیی دیاریكراو نەماون و دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراقیشی گرتووەتەوە، ئەوەش ئەگەر بەخێرایی چارەسەر نەكرێت دەمانگەیەنێتە قۆناغێكی زۆر ئاڵۆز، هێرشەكە رەهەندی سیاسی و تەناهی هەیە، چونكە بنیات و توانای دەوڵەتی عێراقی بۆ پاراستنی سەروەرییەكەی كردە ئامانج، ئەگەر بەردەوام بێت دامەزراوەكانی تری دەوڵەت دەگرێتەوە.
روونی كردەوە، سەركەوتنی هێرشەكە لە گەیشتن بۆ ئامانجێكی سەروەری لەو ئاستە باڵایە، پرسیار لەبارەی توانا و ئاستی كۆنترۆڵكردنی میلیشیاكان بۆ ئاسمانی ناوچەكە دروست دەكات، بۆیە ئەگەر پێشی لێ نەگیرێت ئەگەری دووبارەبوونەوەیان هەیە.
میدیا و سۆشیال میدیا میلیشیاكان بە بەردەوام دەزگای هەوڵگریی عێراق بە بوونی پێوەندی و هاریكاری لەگەڵ دەزگە هەواڵگرییەكانی رۆژئاوا تۆمەتبار دەكەن، هەوڵ دەدەن وا وێنای بكەن كە بەشێكە لە سیستمی تەناهی دەرەكی وەك ئامادەكاری و رێخۆشكردن و رەخساندنی ژینگەی كردنەئامانجی، بەتایبەتی لەگەڵ هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران زیاتر بووە و میلیشیاكان دەزگەی هەواڵگری عێراق دەستیان بە هەڵمەتێكی رێكخراو بۆ تۆمەتباركردنی ئەفسەر و ئەندامانی دەزگاكە بە نۆكەری و سیخوڕی كردووە.