عێراقچی: گەرووی هورمز داخراو نییە و کەشتییەکان لە جەنگەکەی ئەمەریکا دەترسن

:: AM:05:06:23/03/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 22ی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی هۆشداری و هەڕەشەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە گەرووی هورمز، پەیامێکی بڵاو کردەوە و دووپاتی کردەوە کە گەرووەکە بەڕووی کەشتییەکاندا داخراو نییە.

عێراقچی لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە سەکۆی "ئێکس" نووسیویەتی كە گەرووی هورمز داخراو نییە. کەشتییەکان دوودڵن چونکە کۆمپانیاکانی دڵنیایی لەو جەنگی بژاردەیەی کە ئێوە دەستتان پێ کردووە دەترسن، نەک لە ئێران.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی واشنتنی دایەوە و ڕای گەیاند، هیچ کۆمپانیایەکی دڵنیایی و هیچ ئێرانییەک، بە هەڕەشەی زیاتر ناچەمێتەوە و ناکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە، ڕێزگرتن تاقی بکەنەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا عێراقچی ئاماژەی بە مەرجەکانی تاران کرد و دووپاتی کردەوە، ئازادیی کەشتیوانی بەبێ ئازادیی بازرگانی بوونی نابێت. ڕێز لە هەردووکیان بگرن، یان چاوەڕێی هیچ کامیان مەکەن.


وشە - پۆڵا مەحموود