ترەمپ باسی گفتوگۆی بەرهەمدار لەگەڵ ئێران دەکات

:: PM:03:44:23/03/2026 ‌
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕای گەیاند کە بەهۆی هەبوونی گفتوگۆی ئەرێنی لەگەڵ ئێران، فەرمانی بە وەزارەتی جەنگ کردووە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر وێستگەکانی وزەی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ڕابگیرێن، ئەمەش وەک دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر.

ئەمڕۆ دووشەم، 23ی ئادار، ترەمپ ئاشکرای کرد کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، واشنتن و تاران گفتوگۆیەکی "باش و بەرهەمدار"یان ئەنجامداوە کە تەوەرەی سەرەکییان گەیشتن بووە بە ڕێککەوتن و چارەسەرێکی تەواو بۆ پرسەکانی پێوەست بە کارەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەیش دا کە پەرەسەندنەکانی داهاتوو و هەنگاوە سەربازییەکان پێوەستن بە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوە و گفتوگۆیانەی کە ئێستە بەردەوامن.

هەروەها ترەمپ فەرمانی دا بە دواخستنی هێرشەکانی بۆ ماوەی پێنج رۆژ بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران.


وشە - پێشەنگ مەحموود