سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕای گەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام سەروەریی ئاسمانی عێراق پێشێل دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن لە پشت بۆردمانکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبییەوەیە.
ئەمڕۆ دووشەم 23ی ئادارى 2026، محەمەد شیاع سوودانى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "
کۆریێری دێلا سێرا"ی ئیتاڵی ڕای گەیاند، "هیچ مەترسییەکی جەنگی ناوخۆیی یان گەڕانەوەی تیرۆر لەسەر عێراق نییە، تەنیا هەندێک شانەی سنووردار ماون؛ بەڵام کێشەی سەرەکیی ئێستا بریتییە لە پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆکە ئەمەریکییەکان و مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکانەوە."
گوتیشی، "ویلایەتە یەکگرتووەکان هێزەکانی حەشدی شەعبیی بۆردمان کردووە و بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک لەو هێزانە، ئەمەش کارێکی بە توندی سەرکۆنەکراوە".
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "ئیسرائیل جەنگ هەڵدەگیرسێنێت و دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبەزێنێت، عێراق بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری پەرەسەندنەکان دەکات، چونکە وڵاتەکە کەوتووەتە دڵی ناوچەیەک کە بەرژەوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان تێیدا ئاڵۆز و تێکەڵاون".
سوودانی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان زیاتر گوتى، "بەغدا دەیەوێت خۆی لە هەر ململانێیەک بەدوور بگرێت و ڕێگە نادات وڵات ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی نێوان هێزە جیاوازەکان".
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی عێراق کار بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی ناوخۆیی دەکات و هاوکات ڕۆڵێکی دیپلۆماسی دەبینێت بۆ نزیککردنەوەی ڕاى لایەنە ناکۆکەکان. زیاتر گوتى، پێوەندییەکی باشمان لەگەڵ هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمەریکی هەیە، ئەمەیش وای کردووە کە بتوانین ڕۆڵی نێوەندگیر لە ناوچەکەدا ببینین.