ناتۆ پشتیوانی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ترەمپ ڕادەگەیەنێت

:: PM:06:26:23/03/2026 ‌

سکرتێری گشتیی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ"، پشتیوانی خۆی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە دەربڕی کە بە سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دژی ئێران دەستیان پێ کردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 23ی ئادارى 2026، مارک ڕوتە سکرتێرى گشتیی ناتۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، هاوپەیمانییەتییەکە ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو بانگەشانەی ئیسرائیل پشتڕاست بکاتەوە کە دەڵێن ئەو مووشەکانەی بنکەی "دیێگۆ گارسیا"یان لە زەریای هیندی کردووەتە ئامانج، مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕی ئێرانی بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، ناتۆ هێشتا لە قۆناغی هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکەدایە و پوچەڵکردنەوەی توانای ئەتۆمی و بالیستیی ئێران لەلایەن زۆرێک لە هاوپەیمانانی ناتۆوە بە باشی پێشوازیی لێ کراوە.

مارک روتە داوای لە دۆناڵد ترەمپ کرد، تێگەیشتنی هەبێت بۆ دوودڵی هەندێک لە وڵاتانی هاوپەیمان لەبارەى بەشداریی ڕاستەوخۆ لە هەندێک ئەرکی سەربازیدا، وەک ئاماژەیەک بۆ سروشتی کارکردنی هاوپەیمانییەتییەکە بەرگرییەکان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ڕوتە پێشبینی کرد کە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە پشتی واشنتن یەک بگرن و هەڵوێستەکانیان هاوئاهەنگ بکەن، سەرەڕای بوونی هەندێک دواکەوتن لە پڕۆسەی هاوئاهەنگییە هاوبەشەکاندا.


وشە - رزگار خدر