لە خاکی عێراقەوە حەوت مووشەک ئاراستەی سووریا کران

:: PM:11:08:23/03/2026 ‌

سەرچاوە تەناهی و ناوخۆییەکان ڕایان گەیاند، بنکەی "خەراب جیر" لە پارێزگای حەسەکە، لە رێگەی حەوت مووشەکەوە کە لە ناو خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون، کرایە ئامانج.

ئەمڕۆ دووشەم 23ی ئادارى 2026، سەرچاوەیەکی تەناهى لە پارێزگای نەینەوا بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"ی ڕاگەیاند، هێزێکی هاوبەشی سوپا و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئۆتۆمبێلێکیان دۆزیوەتەوە کە وەک سەکۆیەک بۆ هاویشتنی مووشەکەکان بەکارهێنراوە، ئۆتۆمبێلەکە لە ناوچەی نێوان گوندەکانی (تەل هەوا) و (تەل وەردان) لە ناحیەی ڕەبیعەی ڕۆژئاوای نەینەوا، لە نزیک سنووری سووریا دۆزراوەتەوە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە، ئۆتۆمبێلەکە حەوت مووشەکی ئاراستەی خاکی سووریا کردووە و لە کاتی دۆزینەوەیدا سووتاوە. ڕوونیشی کردووەتەوە، سووتانی ئۆتۆمبێلەکە دەرەنجامێکی سروشتیی پەرچەکرداری هاویشتنی موشەکەکان بووە، هاوکات هێزە تەناهییەکان لێکۆڵینەوەیان بۆ ناسنامەی ئەو لایەنەی لە پشت هێرشەکەوەیە دەست پێ کردووە.

لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەک لە سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناو بنکەکەدا بیستراوە، بەڵام تا ئێستە زانیاریی ورد لەسەر قەبارەی زیانە گیانی و مادییەکان لە بەردەستدا نییە.

بنکەی "خەراب جیر" یەکێکە لە گەورەترین ئەو بنکانەی کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەکاردەهێنرا و فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی تێدایە، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەدا هێزەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزەکانیان لێی کشانەوە و لە ئێستەدا هێزەکانی سوپای سووریای تێدا جێگیرە.


وشە - رزگار خدر