ئێران چەند مووشەکێکی ئاراستەى ئیسرائیل کرد و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە نەقەب، دەیمۆنا و ناوچەکانی دەوروبەریان لە باشووری ئیسرائیل چالاک کراوە.
ئەمشەو 23ی ئادارى 2026، بەرەی
ناوخۆیی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، هاویشتنی چەند مووشەکێک لە ئێرانەوە بەرەو باشووری ئیسرائیل دەستنیشان کراوە، بەهۆیەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە نەقەب، دەیمۆنا و دەوروبەریان لە باشووری ئیسرائیل لێ دراوە.
هەروەها ئاماژە دراوە، دوو مووشەکی ئێرانی کە ئاراستەی ناوچەی دەیمۆنا کرابوون، بەرپەرچ دراونەتەوە و خراونەتە خوارەوە، مووشەکی سێیەمیش لە ناوچەیەکی چۆڵ و کراوە لە باشووری ئیسرائیل کەوتووەتە خوارەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا ئێوارەی ئەمڕۆ ڕای گەیاند، ئێران هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەدات و دووپاتى کردەوە کە مۆڵەتێکی پێنج ڕۆژەی تر بە تاران داوە، ئەوەش وەک دەرفەتێک بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر لە پڕۆسەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولادا.
لەلای خۆیشیەوە بنیامین نەتانیاهۆ گوتى، هەر ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئێراندا دەبێت گەرەنتی پاراستنی "بەرژەوەندییە باڵاکانی" ئیسرائیل بکات.