دوێنێ لەناو خاكی عێراقەوە هێرش كرایە سەر بنكەی خەراب جیر لەناو خاكی سووریا، سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای نەینەوا رای گەیاند كە چوار كەس بە گومانی تێوەگلانیان لە ئەنجامدانی هێرشە مووشەكییەكە بەرەو خاكی سووریا گیراون.
سەرچاوە تەناهییەكە گوتی، هێزێكی هاوبەش توانیویانە ئەو تۆمەتبارانە لە بازگەی عوێنات لە شارەدێی رەبیعە لە رۆژئاوای نەینەوا بگرن، ئەوەش دوای چەند سەعاتێك لە دوای ئەنجامدانی هێرشە مووشەكییەكەیان دوێنێ دووەشم و توندكردنی رێوشوێنە تەناهییەكان و و داخستنی دەروازە سنوورییەكان، ئاشكرای كرد كە گومانلێكراوەكان ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكابیان پێ بووە و چەند پارچە چەكێكیان پێ گیراوە، جیا لە ناسنامەی ئەندامەتییان لە گرووپێكی چەكداری.
بەپێی سەرچاوەكە ئەو چوار كەسە دووانیان خەڵكی بەغدان و یەكێكیان كەربەلا و چوارەم خەڵكی شارۆكەی تەلەعفەر لە نەینەوا، ئەوان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تیرۆری نەینەوا كراون بۆ تەواوكردنی لێكۆڵینەوە و ئاشكراكردنی وردەكارییەكان.
دوێنێ لە ناو خاكی عێراقەوە هێرش كرایە سەر بنكەی خەراب جیر، كە بنكەیەكی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە سووریا، هێزە تەناهییەكانی عێراق دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری جۆری كیایان راگەیاند كە مووشەكەكانی تیادا هەڵدرابوو، دوێنێش سەرچاوەیەكی تەناهی لە دێرزوور گرتنی شانەیەكی شەش كەسیی پێوەندیداریان بە حەشدی شەعبی عێراقی راگەیاند، كە كاریان كۆكردنەوەی زانیاری و قاچاغی چەك بووە لە ناوچەكە.