داوا دەكرێت حەشدی عەشایەری لە حەشدی شەعبی جیا بكرێتەوە

:: PM:07:26:24/03/2026 ‌

لە ماوەی دوایی و هاوكات لەگەڵ هێرشی بەشێك لە میلیشیا شیعەكان، كە بەشێكن لە دەستەی حەشدی شەعبی، بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، هێرشێكی بەردەوام و چڕ دەكرێتە سەر بنكە و بارەگەی لیواكانی حەشدی شەعبی لە چەند پارێزگایەكی عێراق، تا ئێستە دەیان كارمەندیان كوژران، سیاسەتوانێكی سوننە بۆ پاراستنی گیانی كارمەندانی حەشدی عەشایەری، داوا دەكات ئەوان بخرێنە سەر هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق.

ئەمڕۆ سێشەم ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشووتری نەینەوا لە بەیاننامەیەك ئاماژە كرد كە چەند گرووپێكی چەكدار هەن لە فەرمانەكانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق هەڵگەڕاونەتەوە و دەیانەوێ عێراق رابكێشنە ناو شەڕێك كە نایەوێ ببێتە بەشێك لێی، باجی ئەو كارەش كردنەئامانجیان بوو لە لایەن ئەمەریكاوە و زیانەكان گەیشتە ئاستی بەركەوتنی كەسانی بێتاوان. 

زیاتر گوتی، باشترین شت لەو دۆخە سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامی بدات، جیاكردنەوەی فەرمیی حەشەدی عەشایەری و دەستەی حەشدی شەعبی و خستنی حەشدی عەشایەرییە بۆ سەر هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق، بۆ ئەوەی راستەوخۆ بكەونە ژێر فەرمانی دەوڵەت نەك میلیشیاكان.

نوجێفی داوای هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننەنشینەكان كرد، بەو پێیەی بەرپرسیارەتیی سەربازی تیایاندا بدرێتە دەست فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان، بەوەش بوار بۆ راكێشانی رۆڵەكانی ئەو ناوچانە بۆ ناو هەڵوێستێك كە خۆیان نایانەوێ و تێوەگلاندنیان لە ململانێكانی بەسەریاندا سەپێنراوە دادەخرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل