حكوومەتی عێراق چەند بڕیارێك لەبارەی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئێران دەردەكات

:: PM:10:02:24/03/2026 ‌

خەریكە حكوومەتی عێراق دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەو دۆخەی بەسەر ناوچەكە سەپێنراوە و میلیشیاكان لە هەوڵی راكێشانی عێراق بۆ ناو شەڕ بەردەوامن، شەوی رابردوو لە ناوچەی حەبانییە لە پارێزگای ئەنبار كۆبوونەوەیەكی حەشدی شەعبی كرایە ئامانج و ژمارەیەكیان كوژران، هاوكات هێرش كرایە سەر هێزی پێشمەرگە، ئەنجوومەنی ویزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی گرنگی دەركرد.

ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی كاربەرێكەری عێراق سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاسایشی نیشتمانی كرد و دۆخی ناوچەكە و عێراق و هێرشەكانی سەر حەشدی شەعبی و نێردە دیپلۆماسییەكان تاوتوێ كران، وەك سەباح نوعمان گوتەبێژ بەناوی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە بەیاننامەیەك ئاشكرای كرد، چەند بڕیارێك دەركران لەوانە، بواردان بە رووبەڕووبوونەوە و بەرپەرچدانەوەی هێرشە سەربازییە ئاسمانییەكان بۆ سەر بارەگەكانی حەشدی شەعبی بە هەموو ئامرازێكی بەردەست.

هەروەها راوەدوونانی ئەوانەی بەشداری لە هێرشكردنە سەر دامەزراوە تەناهییەكان و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و نێردە دیپلۆماسییەكان دەكەن و ئەو لایەنانەش ئاشكرا بكرێن كە سەر بەوانن، جیا لە وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی و دەركردنی فەرمانی گرتن بۆیان، فەرماندە سەربازییەكان بەرپرسیارەتی تەواو لەهەر دواخستن یان كەمتەرخی لەو كارە دەگرنە ئەستۆ و دووپات لەوە بكرێتەوەو كە هیچ كەس لە جێبەجێكردنی یاسا بەدەر نییە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوە سكاڵایەك پێشكەش ئەنجوومەنی ئاسایش بكات بەرانبەر هەر هێرشێك و ئەنجامەكانی، داوای وەستانیان بكات و سەركۆنە بكرێن، داوای ئامادەبوونی كاربەڕێكەری باڵوزێزخانەی ئەمەریكا و باڵوێزی ئێران بكرێت و یاداشتێكی ناڕەزایەتییان پێشكەش بكرێت لەبارەی هێرشەكانیان بۆ سەر حەشدی شەعبی لە ئەنبار و شوێنەكانی تر و هێزی پێشمەرگە لە هەولێر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل