حزبی "ئەحفاد سەڵاحەدین كوردستان" جیهادی دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند

:: AM:10:36:25/03/2026 ‌
حزبی "ئەحفاد سەڵاحەدین كوردستان" لە كاردانەوەیەكی تونددا بەرانبەر هێرشەكانی ئەمدواییەی ئیسرائیل بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا "جیهادی پیرۆز"ی دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی "مێهر"، حزبەكە لە بەیاننامەكەیدا هۆشداریی داوەتە ئەو وڵاتانەی كە لە ئاست تاوانەكانی ئیسرائیل بێدەنگن یان هاوكاریی دەكەن. ئاماژەی بەوەش كردووە كە هێرشەكانی ئیسرائیل تەنیا لە ئێران و غەزە ناوەستن، بەڵكو لە داهاتوودا وڵاتانی تری ناوچەكەش دەگرێتەوە.

لە بەیاننامەكەدا بە پشتبەستن بە ئایەتی (120)ی سوورەتی (البقرە)، دووپات لەوە كراوەتەوە كە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل تەنیا بە پاشكۆیەتی تەواوی مسوڵمانان ڕازی دەبن. 

حزبەكە دەڵێت: "ساڵانێكی زۆرە دەسەڵاتە كافرەكان بە سەركردایەتیی ئەمەریكا و ڕژێمی داگیركەری زایۆنی، شەڕێكی هەمەلایەنەیان دژی ئیسلام و مسوڵمانان دەست پێ كردووە و هەوڵی تێكدانی ئاین و ئەخلاقی كۆمەڵگەكانیان داوە."

حزبی ئەحفاد سەڵاحەدین هێرشەكەی سەر ئێرانی بە بەشێك لەو "شەڕە گەورەیە" وەسف كردووە كە دوای غەزە دەستی پێ كردووە و ڕای گەیاندووە: "پێویستە هەموو مسوڵمانانی موجاهید و دڵسۆز، خۆیان بۆ جیهادێكی پیرۆز دژی كافران و ستەمكاران ئامادە بكەن، چونكە ئەمە فەرزێكی ئیمانییە."

لە كۆتایی بەیاننامەكەدا، حزبەكە داوای كردووە هەموو ناكۆكییەكان وەلا بنرێت و پشتیوانی لە "ئێرانی ئیسلامی" بكرێت، لە بەرانبەر ئەوەی بە هێرشی "ماسۆنییەكانی جوو و خاچپەرستەكان" ناویان بردووە. 

هەروەها هۆشداریی توندی داوەتە ئەو لایەنانەی بێدەنگییان هەڵبژاردووە و داوای لێ كردوون "لە خودا بترسن" و هەڵوێستیان هەبێت.

حزبی ئەحفاد سەڵاحەدین "بزووتنەوەی كورد سەلاحەدین" حزبێكی سەلەفی چەكدارییە كە بەشداری شەڕی ناوخۆیی سووریا كردووە، لە ساڵی 2015 لەلایەن كوردە موجاھیدەكان لە سووریا و توركیا و ئێران و عێراق دامەزرا.

بزووتنەوەی سەلاحەدین كورد لەلایەن چەكدارانی كوردەوە دامەزرا كە لە ساڵی 2012 تا 2018ەوە دەستیان لە شەڕی ناوخۆی سووریادا ھەبووە. ئەم حزبە لە 21ی ئەیلوولی 2015 بە فەرمی دامەزرا، بە گەڕاندنەوە بۆ ڕەگ و ڕیشە ئیسلامییەكان، لەسەر ئەم بنەمایە بزووتنەوەی سەلاحەدین كورد ئیلھام لە سەركردە سەلاحەدین و جابانی كوردی وەردەگرن.

میلیشیایەكە پشتگیری لە ئایدۆلۆژیای سەلەفی سوننە دەكات و بەھایەكی زۆر بە یەكگرتوویی ئوممەت دەبەخشێت. ئەندامانی ئەو حزبە لەلایەن عەبدولڕەزاق مەھیدی وانەی جیھادیان پێووتراوە.





وشە - سۆران عەزیز