دەستەی سیاسیی كلدانی: هێرشی سەر پێشمەرگە ناپاكییە

:: PM:08:16:25/03/2026 ‌
دەستەی سیاسیی كلدانیی یەكگرتوو، هێرشكردنە سەر هێزەكانی پێَشمەرگەی كوردستان بە "ناپاكی" پێناسە دەكەن، ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكەن كە بە توندترین شێوە سەركۆنەی ئەو هێرشە دەكەن.

دەستەی سیاسیی كلدانیی یەكگرتوو لە بەیاننامەیەكدا رایان گەیاند، دەستەی سیاسیی كلدانیی یەكگرتوو لە جیهاندا چاودێریی ئەو پەلامارە ناپاكانە و ترسنۆكانەی كرد كە هێزەكانی پێشمەرگەی قارەمانی لە سنووری ناوچەی سۆران كردە ئامانج، کە بەهۆیەوە ژمارەیەك لە رۆڵە نەبەردەكانی نیشتمان چوونە ریزی كاروانی شەهیدانی سەربەرزەوە.

"بە توندترین شێوە سەركۆنەی ئەم دەستدرێژییە تاوانكارییە دەكەین كە كرایە سەر هێزێكی نیشتمانیی رەسەن و دەستووری، هێزی پێشمەرگە هەمیشە وەك قەڵغانێكی پۆڵایین و بێ جیاوازی پارێزەری خاك و خەڵكی كوردستان و تەواوی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان بووە، هاوكات هەر جۆرە هەوڵێك بۆ بەئامانجگرتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە نیشتمانییەكان بە هەوڵێكی تێكدەرانە و ناڕەوا دەزانین". دەستەكە وای نووسیوە.

هەروەك دووپات دەكەنەوە، پێشمەرگە تەنیا بەرگریكاری خاكی كوردستان نەبووە، بەڵكو لە ڕیزی پێشەوەی ئەو هێزانە بوو كە پارێزگارییان لە مەسیحییەكان و هەموو پێكهاتەكانی عێراق كرد.

لەلایەكی ترەوە هێزەكانی دەشتی نەینەوا سەرباری سەرەخۆشی لە خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە رایان گەیاندووە، ئەم هێرشە ناڕەوایە لە كاتێكدایە كە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بێلایەن و دیارە لەم شەڕ و پێكدادانەی كە ناوچەكەی گرتووەتەوە و هێزی پێشمەرگەش هیچ كاتێك نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بۆیە ئەمە كارێكی ناڕەوا و دوورە لە هەموو پرەنسیپی پێوەندیی دراوسێیەتی باش.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم