ئەمڕۆ چوارشەم 25ی ئاداری 2026، کۆشکی سپی هەڕەشەی وەشاندنی "گورزێکی گەورەتر"ی لە ئێران کرد، ئەگەر ددان بە شکستەکەیدا نەنێت لەو جەنگەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل دژی بەرپای کردووە.
کارۆلین لێڤیت گوتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە ماوەی سێ هەفتەدا گەورەترین هەڵمەتمان بۆ لەناوبردنی پێکهاتەکانی هێزی دەریاییی ئێران ئەنجام دا و ڕوونی کردەوە کە ئامانجەکانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی دژی ئێران دێنە دی، ماوەکەیمان لە نێوان چوار بۆ شەش هەفتە خەمڵاندبوو، بەڵام ئێمە لە خشتەی کاتی پێش کەوتووین.
گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی زیاتر گوتی، کار بۆ ئیفلیجکردنی تواناکانی ڕژێمی ئێران دەکەین کە دەستی بە گەڕان کردووە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک، و ئەگەر ئێرانییەکان تێنەگەن کە تێک شکاون، ئەوا سەرۆک ترەمپ کار دەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەهێزتر لێیان بدات.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، زیاتر لە 140 پارچەی دەریاییی ئێرانمان لەناو بردووە کە نزیکەی 50 بەلەمیان تایبەت بوون بە چاندنی مین، و باسی لەوە کرد کە "بژارەی دڵخوازی سەرۆک ترەمپ هەمیشە ئاشتییە و پێویست بە مەرگ و وێرانیی زیاتر ناکات.
ڕوونیشی کردەوە کە سەرۆک ترەمپ هەڕەشەی بەتاڵ ناکات و ئامادەیە دەرگای دۆزەخ بەسەر ئێراندا بکاتەوە، و نابێت ئێران جارێکی تر بکەوێتە هەڵەی هەڵسەنگاندنی هەڵەوە، دووپاتی کردەوە کە هەر کارێکی توندوتیژی لەمەودوا دەرئەنجامی ڕەتکردنەوەی ڕژێمی ئێرانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و تێگەیشتن لەو ڕاستییەی کە شکستی هێناوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا دووپاتی کردەوە کە "سوپاکەمان بە وردییەکی زۆرەوە تیشک دەخاتە سەر نەهێشتنی هەڕەشەی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ئازادیی ڕۆیشتنی وزە بە ناو گەرووی هورمزدا"، و ڕوونی کردەوە کە کار دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بنکەی پیشەسازیی بەرگریی ئێران، ئەمەش ڕێگە دەگرێت لە دەرکەوتنی هەڕەشەی داهاتوو بۆ سەر ناوچەکە.
گوتیشی، زۆر نزیکین لە بەدیهێنانی ئامانجە جەوهەرییەکانی ئۆپراسیۆنی تووڕەییی داستانی و ئەرکە سەربازییەکە بەبێ وەستان بەردەوام دەبێت، دووپاتی کردەوە کە "ڕژێمی ئێران دەزانێت کە ڕووبەڕووی تێکشکاندن دەبێتەوە و توانای بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی پاشەکشە دەکات".
ئاماژەی بەوەش دا، خواستەکانی ئێرانمان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی تێک شکاندووە بە پلەیەک کە تێدەپەڕێت لەوەی لە هێرشەکانی هاوینی ڕابردوودا بەدەست هاتبوو، و بینیمان چەندان پێشبینی و ڕاپۆرت باس لە دانوستانی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ئێران دەکەن لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا.
گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە ئەو ئەندامانەی لە ڕژێمی ئێران ماونەتەوە دەرفەتی ئەوەیان هەیە هاوکاری لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بکەن و دەست لە خواستی ئەتۆمی هەڵبگرن و ئاماژەی بەوەیش دا کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران نەگەیشتوونەتە بنبەست، بەڵکوو بەردەوامن و هێشتا بەرهەمدارن