شارەزایان: ئەمەریكا بڕیاری نەهێشتنی حەشدی شەعبی داوە

:: PM:10:37:25/03/2026 ‌

لە ماوەی دوایی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر بنكە و بارەگەكانی حەشدی شەعبی زۆر زیادی كردووە، ئەوەش وای كردووە شارەزایان بڵێن هێرشەكانی ئەمەریكا لە رووی جۆرییەوە گۆڕاوە، ئەمەریكا بڕیاری داوە حەشدی شەعبی بە تەواوەتی نەهێڵێت.

سەعید عانی  شارەزای سەربازی دەڵێت، لە ماوەی دوایی ئەمەریكا دەستی كردووە بە كردنەئامانجی حەشدی شەعبی و عەشایەری كە هێزی فەرمین، ئەوەش دووپاتی دەكاتەوە كە بڕیاری داوە حەشدی شەعبی بە هێزی سەربازی هەڵبوەشێنێتەوە، دوای ئەوەی لایەنە سیاسییەكان رەتیان كردەوە بە یاسا چارەسەری بكەن و داوای ئەمەریكا جێبەجێ بكەن.

زیاتر گوتی، بەڵام پەنابردنی ئەمەریكا بۆ كردنەئامانجی سوپا و پۆلیس ئەگەرێكی دوورە، چونكە تا ئێستە ئەمەریكا وای دەبینێت عێراق بەفەرمی نەهاتووەتە ناو شەڕەكەوە، هاوكات حەشدی شەعبی و میلیشیاكان پابەندی رێنوێنییەكانی حكوومەت نابن و حەشدی عەشایەری و نووسینگە ئیدارییەكانی حەشدی شەعبیش ئاسانكاری و پاڵپشتی میلیشیاكان دەكەن، كە هێرشەكان ئەنجام دەدەن، بۆیە ئەوانەش دەكرێنە ئامانج.

لای خۆیەوە غانم عابد توێژەری سیاسی پێی وایە بەر لە دەستپێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران، واشنتن مەرجی بۆ حكوومەتی عێراق هەبوو لەوانە داماڵینی چەكی میلیشیاكان و هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، لەگەڵ دەست پێكردنی شەڕەكە میلیشیاكانی ناو حەشدی شەعبی دەستیان بە هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا كرد و بۆ ئەمەریكا دەركەوت ئەوان بوونەتە دەژمن. 

روونی كردەوە، هێرشەكانی دوایی بۆ سەر حەشدی شەعبی و عەشایەری، دووپاتی دەكەنەوە كە هەموو حەشدەكان ناویان هەرچییەك بێت، لە لایەن ئەمەریكا رەتكراوەن و وەك دوژمن پۆلێن كراون، بۆیە بە بێ جیاوازی دەیانكاتە ئامانج.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل