ڕێكخراوی هەنگاو: تا ئێستە پێنج هەزار و 890 سەربازی ئێران كوژراون

:: AM:10:10:26/03/2026 ‌
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە كە بەپێی ئامارە پشتڕاستكراوەكان تا كۆتایی ڕۆژی 25 ئاداری شەڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، لانی كەم شەش هەزار و 530 كەس گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ئاماری رێكخراوەكە لەو ژمارەیە 640 هاووڵاتیی سڤیل و پێنج هەزار و 890 كەسیش لە هێزە سەربازییەكانی ئێرانن.

ئەم ئامانجانە پێكهاتوون لە بنكەكانی سوپای پاسداران، ناوەندەكانی بەسیج، فڕۆكەخانە سەربازییەكان، سایتە مووشەكییەكان، بنكەكانی پۆلیس، دامەزراوە دادوەرییەكان، ناوەندەكانی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتڵاعات، سەربازگەكانی سوپا و بارەگاكانی یەكەی تایبەت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هەنگاو كۆ كراونەتەوە، تا ئێستە پێنج هەزار و 890 سەربازی حكوومەتی كوژراون كە زۆربەیان لە هێزی ئاسمانی، سوپای پاسداران و هەروەها ئەندامانی سوپا بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین زیانی هێزە سەربازییەكان لە پارێزگاكانی تاران، كرماشان، هورمزگان، ئەلبورز، خوزستان، كوردستان (سنە) و سیستان و بەلووچستان تۆمار كراوە.

هەنگاو دووپات دەكاتەوە كە دامەزراوە تەناهییەكانی كۆماری ئیسلامی بە پێڕەوكردنی ڕێكاری «شاردنەوەی سیستماتیك»، لە بڵاوكردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی كوژراوەكان خۆیان دەپارێزن و لە كاتە دەگمەنەكاندا، ئامارێكی زۆر كەمتر لە ڕاستییە مەیدانییەكان دەخەنە ڕوو.

هەنگاو پشتڕاستی دەكاتەوە كە زۆرترین ئاماری گیان لەدەستدانی مەدەنی و سڤیل لە پارێزگاكانی تاران، هورمزگان، كرماشان، فارس، ئەلبورز، ئیلام، مەركەزی و لوڕستان تۆمار كراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تا ئێستە 640 كەسی سڤیل لە كاتی ئەم هێرشانەدا كوژراون كە دەكاتە ٩.٨٪ی كۆی قوربانییەكان.

لە كۆی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی كوژراون، هەنگاو كوژرانی 130 منداڵی خوار 18 ساڵ و هەروەها 173 ژن پشتڕاست دەكاتەوە. میدیا حكوومەتییەكان و بەرپرسانی فەرمیی ئێران پێشتر ڕایان گەیاندبوو كە لە قوتابخانەی میناب 178 منداڵ كوژراون. بەڵام تا ئێستە و دوای تێپەڕبوونی 25 ڕۆژ، تەنیا ناسنامەی 58 كەس لە قوربانییانی ئەم قوتابخانەیە ڕوون بووەتەوە.

هەنگاو چەندان ڕاپۆرتی پێگەیشتووە كە پێشانی دەدەن هێزە سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی، بە جێهێشتنی بنكە فەرمییەكان، لە شوێنە گشتی و ناسەربازییەكان لەوانە قوتابخانەكان، بەشە ناوخۆییەكانی خوێندكاران و مزگەوتەكان كە لە ناوچە نیشتەجێبوونەكاندان جێگیر بوون. ئەم هەنگاوە، وەك بەكارهێنانی «قەڵغانی مرۆیی» هەژمار دەكرێت و گیانی كەسانی سڤیلی بە توندی خستووەتە مەترسی.

لە 25 ڕۆژی یەكەمی شەڕدا هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر شوێنە سەربازی و حكوومەتییەكان بە توندی ئەنجام دراوە و لە 35 شاری پارێزگاكانی ئیلام، كرماشان، كوردستان و ورمێ، لانی كەم 242 بنكەی سەربازی و ناوەندی تەناهیی كۆماری ئیسلامیی ئێران كراونەتە ئامانج.



وشە - سۆران عەزیز