ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی ئاداری 2026، فەرماندەییی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم)، کوژرانی ئەدمیراڵ عەلی ڕەزا تەنکسیری فەرماندەی هێزی دەریاییی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە پشتڕاست کردەوە، و ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە بەشداری دەکات لە بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە.
براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمەریکا، لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند کە تەنکسیری بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرکردایەتیی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی کردووە، و سەرپەرشتیی ئەو هێرشانەی کردووە کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە کەشتییە بازرگانییەکان و مەدەنییەکانیان دەکردە ئامانج.
ئاماژەی بەوەش دا کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەییی داستانی"، بووەتە هۆی لەناوبردنی 92٪ی کەشتییە گەورەکانی سەر بە هێزی دەریاییی ئێران، ئەمەش وای کردووە توانای جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە کاریگەرەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەیدا لەدەست بدات.
کوپەر دووپاتی کردەوە کە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران بەردەوام دەبن، هاوکات داوای لە سەربازانی ئێرانی کرد دەستبەجێ شوێنەکانیان جێبهێڵن بۆ ئەوەی خۆیان لە مەترسییەکان بپارێزن.