عێراق هێرشی سەر وڵاتانی عەرەبی و كەنداو رەت دەكاتەوە

:: PM:07:13:26/03/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران و میلیشیا شیعەكان لە عێراق دەستیان كرد بە بۆردمانكردنی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، ئەوان هێرشیان كردە سەر دامەزراوە گرنگ و ژێرخانی وڵاتانی كەنداو و ئوردن، دوێنێ ئەو وڵاتانە سەركۆنەی هێرشەكانی ئێرانیان كرد و داوایان لە عێراق كرد هێرشی میلیشیاكان بوەستێنێت، ئەمڕۆ عێراق رای گەیاند كە هێرشی سەر وڵاتانی عەرەبی و كەنداو رەت دەكاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا هێرشی سەر وڵاتانی كەنداو و ئوردنی رەت كردەوە و دووپاتی كردەوە كە ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی بەشێكی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و سەقامگیریی ناوچەكە لە بەرژەوەندی هاوبەشی تەواوی ئەو گەلانەیە. 

لە بەیاننامەكە هاتووە، عێراق دووپات لە پابەندبوونی بە سیاسەتێكی هاوسەنگی دەرەوە و بنیاتنانی پێوەندیی هاریكاری و رێزگرتنی یەكتر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و دنیا دەكاتەوە و بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی تر رەت دەكاتەوە و حكوومەتی عێراق پابەندە بە وەرگرتنی هەموو رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و رێگرتن لە هەر كارێك ببێتە مایەی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە. 

بەیاننامەكە دووپاتی كردەوە كە دەزگە تەناهییە عێراقییەكان لە هاریكاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوتاكانیان لە وڵاتانی دۆست و برا بەردەوامن و ئامادەن بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی پێوەست بە هەر هێرشێك لە خاكی عێراقەوە لە دژی وڵاتانی ناوچەكە ئەنجام بدرێت و كاركردنی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل