لە ماوەی دوایی بەهۆی بۆردمانێكی مووشەكی لە نزیك گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بەری ئێرانی دەروازەی شەلامچە لە بەسرە پێنج كەس بریندار بوون كە دووانیان عێراقی بوون، بۆردمانەكە لە كوێتەوە كرابوو، سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی كوێتی رەتی كردەوە كە مەبەست لە بۆردمانەكە خاكی عێراق بێت.
سەرچاوەكە زیاتر گوتی، بەپێی زانیارییەكان ئامانجی بۆردمانەكە لەناو خاكی ئێران بووە و ئەوەشی لە نزیك دەروازەی شەلامچە لە عێراق كەوتووەتە خوارەوە پارچەی مووشەكەكانی بۆردمانەكە بووە، بۆیە ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرانەوە راست نین.
بەوپێی سەرچاوەكە بۆردمانەكە بە مووشەكی جۆری هیمارس ئەنجام دراوە كە ئەو سیستمە مووشەكییە هی كوێت نییە، دووپاتی كردەوە كە پێوەندیی كوێت و عێراق گرنگە و لەسەر بنەمای مێژوویی و برایەتی بنیات نراوە و كوێت سوورە لەسەر پاراستنی ئەو پێوەندییە و رەتی دەكاتەوە لە خاكی كوێت هێرش بكرێتە سەر عێراق.
24ی ئەم مانگە لە ئەنجامی بۆردمانێكی مووشەكی بۆ نزیك گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی سنووری شەلامچە لە پارێزگای بەسرە، دوو هاووڵاتیی عێراقی و سێی ئێرانی بەهۆی پارچەی مووشەكەوە بریندار بوونە.
بەپێی زانیارییەكان، بۆردمانێكی مووشەكی گۆڕەپانەكەی لە بەری ئێرانی سنوورەكان لەگەڵ عێراق كردووەتە ئامانج و بریندارەكان لە نەخۆشخانەی محەمەرە لەناو خاكی ئێران چارەسەر كراون، هەر بەهۆی بۆردمانەكەوە ئێران بڕیاری دا بە راگرتنی هاتوچۆی بازرگانی لەو دەروازەیە.