لە ماوەی دوایی هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر میلیشیاكانی بۆردمانی بەرژەوەندییەكانی ئەویان لە عێراق دەكرد زیادی كرد و دەیان كەسی لێ كوشتن، ئەوان گوشاریان خستە سەر حكوومەتی عێراق و حكوومەتەكەش چەند بڕیارێكی دەركرد بەوەی دەتوانن بەرگری لە خۆیان بكەن و كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا بانگهێشت كرا و بابەتەكە دەگەیننە ئەنجوومەنی ئاسایش، شارەزایەكی سیاسی پێی وایە ئەوانە هەنگاوی شێوەیین و كاریگەرییان نییە.
عەقیل عەباس شارەزای سیاسی دەڵێت، تۆماركردنی سكاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەنگاوێكی شێوەییە و كاریگەری نییە، مەبەست لێی گەیاندنی بابەتەكەیە بە ئەنجوومەنەكە بۆ باسكردنی، بەوەش عێراق بوونی خۆی وەك دەوڵەت دەسەلمێنێت و بۆ رازیكردنی چەند لایەنێكی ناوخۆیی هات وەك حەشدی شەعبی و میلیشیاكان و كەسایەتییە سیاسییە شیعەكانی نزیك لە ئێران.
روونی كردەوە، ئەو هەنگاوە مانای گۆڕانكاری لە بنەماكانی شەڕ لە عێراق نییە، چونكە شەڕەكە درێژكراوەی شەڕی ئێران و ئەمەریكایە، حكوومەتی عێراق لە ناوەڕاست وەستاوە و بژارەكانی زۆر كەمن، بۆیە هەوڵ دەدات هەموو لایەنەكان رازی بكات، بەتایبەتی میلیشیاكانی ئێران و حەشدی شەعبی، بەو سكاڵایە دەیەوێ بڵێت عێراق هێرشی دەكرێتە سەر و حەشدی شەعبی بەرگری لە وڵات دەكات.
عەباس دووپاتی كردەوە كە ئەو كارەی حكوومەتی عێراق سازشێكی شێوەیی سیاسییە و هیچ بەهایەكی كردەنی نییە، سوودانی ناچارە ئەو هەڵوێستە وەربگرێت، چونكە هێشتا لە پۆستەكەی دانەنراوەتەوە و سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەرە و ئێران و هاوپەیمانەكانی لە عێراق رۆڵیان لە دانانەوەی هەیە.