نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان: دەرنەکەوتنی موجتەبا خامنەیی بەهۆی ڕێکاری تەناهییەوەیە

:: PM:03:20:27/03/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕوونکردنەوەیەکی کورت و خێرای لەبارەی چارەنووس و هۆکاری دەرنەکەوتنی موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ئێران بڵاو کردەوە.

نوێنەرەکەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕای گەیاند، دەرنەکەوتنی موجتەبا خامنەیی، تەنیا لە پێناو ڕەچاوکردنی ڕێکارە تەناهییەکاندایە.

ئەم لێدوانە فەرمییەی تاران وەک وەڵامێک دێت بۆ ئەو دەنگۆ و گومانە زۆرانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر چارەنووسی موجتەبا خامنەیی دروست ببوون، بەتایبەتی کە لەوەتەی وەک ڕێبەری نوێ لە شوێنی عەلی خامنەیی باوکی دیاری کراوە، هیچ دەرکەوتنێکی ئاشکرا و میدیایی نەبووە.

پێشتر هەندێک سەرچاوەی میدیایی و ڕۆژنامەوانی لە ناویاندا ڕۆژنامەی جەریدەی کووەیتی بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە ناوبراو لە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەر بە فڕۆکەیەکی سەربازی گواستراوەتەوە بۆ ڕووسیا.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاش لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دابوو کە ڕەنگە موجتەبا خامنەیی کوژرابێت بەهۆی ئەوەی دەرناکەوێت، بەڵام ئێران بەم لێدوانەی نوێنەرەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو گومانانە ڕەت دەکاتەوە و هۆکارەکەی بۆ پاراستنی گیانی لە مەترسییە تەناهییەکان و بۆردومانەکان دەگەڕێنێتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود