ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فڕەنسا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی گوتی، "پاریس لەگەڵ ئەمەریكا هاوئامانجە لە گێڕانەوەی ئازادی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز".
ئەمڕۆ هەینی 28ی ئادار ئاژانسی
رۆیتەرز لێدوانی وەزیری دەرەوەی فڕەنسای بڵاوكردووەتەوە كە دەڵێ، "ماركۆ رۆبیۆ دەڵێ ئامانجی ئەمەریكا لەناوبردنی توانا بالیستییەكانی ئێرانە و پاریسیش هەمان ئامانجی هەیە بۆ گێڕانەوەی ئازادی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز".
بارۆ لە لێدوانەكەی دەشڵێ، "من لە بری ماركۆ رۆبیۆ لێدوان نادەم، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم لێدوانە گشتییەكانی بەم دواییە تەواو هاوڕایە لەگەڵ ئەو گفتوگۆیەی ئەمڕۆ ئەنجاممان دا سەبارەت بە ئامانجە سەربازییەكانی ئەمەریكا، ئەویش لەناوبردنی توانای بالیستی ئێرانە".
ئێران گەرووی هورمز وەك كارتێكی فشار بەكار دەهێنێت كە شادەماری بازرگانی جیهانی دادەنرێت، ئێستەیش كەشتیوانی لەو گەرووە پەكخستووە و ئەمەریكا دەیەوێ بە بەكارهێنانی هێز ئەو گەرووە كۆنتڕۆڵ بكاتەوە.