میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە، یەكەم مووشەكی حووسییەكان بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدراوە و لە باشووری ئەو وڵاتە كەوتووەتە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی لێ بكەوێتەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە حووسییەكان ماوەی مانگێكە بێدەنگن و هیچ جۆرە بەشدارییەكیان لە جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران نەكردووە.
كەناڵ 12ی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، شەوی ڕابردوو
حووسییەكانی یەمەن مووشەكێكیان ئاراستەی باشووری ئیسرائیل كردووە، بەوهۆیەوە زەنگی ئاگاداركردنەوە لە ناوچەكانی دیمۆنە و بئرسەبع و ئیلات لێدراوە، تا خەڵك بچنە حەشارگەكانیانەوە و بە دوور بن لە هەر زیانێكی گیانی.
پێگەی والا له زاری بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیلی پشتڕاستی كردووەتەوە، مووشەكەكە لە یەمەن و لەلایەن حووسییەكانەوە بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدراوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە تا ئێستە حووسییەكان بە هیچ شێوەیەك بەرپرسیاریەتیی خۆیان لە هێرشێكی لەمجۆرە ڕانەگەیاندووە.
لەگەڵ ئەوەیشدا چەند سەعاتێك پێش ئاراستەكردنی مووشەك بۆ ئیسرائیل، عەمید یەحیا سەریع گوتەبێژی سەربازیی گرووپی حووسییەكان لە درەنگانی شەوی ڕابردوو، ئامادەیی تەواوی هێزی سەربازیی حووسییەكانی بەشێوەی ڕاستەوخۆ بۆ ناو شەڕەكە ڕاگەیاند. دووپاتی لەوە كردەوە كە كردە دوژمنكارییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی ناوچەكە دژی ئێران قبووڵكراو نییە. دووپاتی كردەوە كە ڕووبەڕووی شەڕەكە فراوانتر دەكەن ئەگەر پەلامارەكان بۆ سەر ئێران بەردەوامییان هەبێت.