حەشدی شەعبی: حەوت قوربانیمان هەیە

:: PM:08:37:28/03/2026 ‌

دوای ئەوەی بارەگەیەكی هەواڵگریی حەشدی شەعبی لە كەركووك بە چەند مووشەكێك كرایە ئامانج، دەستەی حەشدی شەعبی رای گەیاند كە سێ كارمەند كوژراون و چواریش بریندارن.

ئەمڕۆ ئێوارە دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، بارەگەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی باكور و رۆژهەڵاتی دیجلە سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی لە پارێزگای كەركووك لە رێگەی سێ مووشك كرایە ئامانجی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەكەوە سێ كارمەندی حەشدی كوژران و چواری تریش بریندار بوون، ئەوەش وەك ئاماری سەرەتایی.

ئەمڕۆ شەموو هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران چووە ناو پێنجەم هەفتە، هاوكات میلیشیاكان لە كردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق بەردەوامن، لەبەرانبەردا هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر بنكە و بارەگەی میلیشیاكان و لیواكانی حەشدی شەعبی بەردەوامە و تا ئێستە دەیان كوژراو و بیرینداریان هەیە.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل