ئەمڕۆ شەموو 28ی ئاداری 2026، مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە"، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم.
لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە وەستانی تەواوەتیی خۆی لە پاڵ گەل و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم هەڕەشە و هێرشەکاندا دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئاسایش و سەلامەتیی کوردستان ئەرکە لەسەر شانی هەمووان، و سەقامگیریی هەرێم بە سەقامگیری بۆ هەموو کورد و ناوچەکە دادەنرێت.
لە کۆتایی پێوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، مەزلووم عەبدی هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان لەم کاتە سەختانەدا دەربڕی، و بە توندی دووپاتی کردەوە کە توندوتیژی و هەموو جۆرە هەڕەشەیەکی سیاسی و سەربازی ڕەت دەکەنەوە.