كردنەئامانجی بنكە و بارەگەكانی حەشدی شەعبی و هەندێكجار هێزەكانی عێراق بەردەوامە، ئێوارەی ئەمڕۆ خاڵێكی تەناهیی فەوجی تەواریی پۆلیس لە بەری راستی مووسڵ كرایە ئامانج و بەو هۆیەوە ئەفسەرێكی پۆلیس و رێپێدراوێك كوژران و پێنج كارمەندی تری خاڵەكە بریندار بوون.
ئەمشەو لە راگەیەندراوێكی
وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاتووە، وەزارەتی ناوخۆ كوژرانی هەریەك لە عەقید عومەر مەحموود خەلەف ئیسماعیل فەرماندەی فەوجی تەواری پۆلیس و رێپێدراو رافیع عەبدوڵا ئەحمەد عەلی كارمەندی پۆلیسی ئوم رەبیعێن رادەگەیەنێت، كە بەهۆی كردنەئامانجی خاڵێكی تەناهی لە نزیك سێیەم ردی بەرەی راستی مووسڵ لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل كوژران، جیا لە برینداربوونی پێنج كارمەندی تری خاڵەكە.
هەر ئەمشەو بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی درۆنێك لە ناوچەی سەید ئەحمەد رفاعی لە پارێزگای میسان لە باشووری عێراق كەوتە خوارەوە، لە بەغداش دووەم درۆن لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی بەغدا تێكشكێنرا.
بەپێی سەرچاوەكان ئێوارەی ئەمڕۆ بارەگەیەكی حەشدی شەعبی لە نزیك سێیەم پردی ناوچەی حاوی كەنیسە لە بەری راستی مووسڵ كرایە ئامانج، دواتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند كە ئامانجە بۆردمانكراوەكە خاڵێكی تەناهیی پۆلیس بووە و قوربانی لێ كەوتووەتەوە.
هەر ئەمڕۆ و بەپێی سەرچاوەیەكی تری تەناهی بنكەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین بە درۆنێك كرایە ئامانج، بەڵام لە لایەنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بنكەكە تێكشكێنرا، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لە رووداوەكە نەبووە.
ئەمڕۆ ئێوارە دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، بارەگەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی باكور و رۆژهەڵاتی دیجلە سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی لە پارێزگای كەركووك لە رێگەی سێ مووشك كرایە ئامانجی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەكەوە سێ كارمەندی حەشدی كوژران و چواری تریش بریندار بوون، ئەوەش وەك ئاماری سەرەتایی.