باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا سیستمی سیرام بەگەڕ دەخات

:: PM:10:14:28/03/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانن بە بەردەوام میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكایان لە عێراق كردووەتە ئامانج لەوانە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە ناوچەی سەوز، تا ئێستە دەیان جار بە درۆن و مووشەك هێرش كراوەتە سەر تەلاری باڵوێزخانەی ئەمەریكا و بنكەی پاڵپشتیی دیپلۆماسی لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا، ئەمشەو سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سیرەم لە باڵوێزخانەی ئەمەریكا بەگەڕ خرا.

سەرچاوەیەكی تەناهی لە بەغدا ئاماژەی كرد كە ئەمشەو سیستمی بەرگریی ئاسمانی سیرەم لە باڵوێزخانەی ئەمەریكا بەگەر خرا، بەڵام تا ئێستە هۆكاری ئەو هەنگاوە نیار نییە و باڵوێزخانەی ئەمەركیا و حكوومەتی عێراق هیچیان لەوبارەوە نەگوتووە، هاوكات هێزە تەناهییەكان رێوشوێنی تەناهییان لە ناوچەی سەوز زیاتر كردووە، بەگەڕخستنی سیستمی سیرەم ئاماژەیە بۆ گومانكردن لە بوونی هەڕەشەی بۆردمانی ئاسمانی.

هەر ئەمشەو سەرچاوەیەكی تەناهی لە بەغدا رای گەیاند كە درۆنێك لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی بەغدا كەوتووەتە خوارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ویستوویەتی لە ناوەندی پاڵپشتیی دیپلۆماسی لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا نزیك بێتەوە، هەر ئەمشەو بە درۆنێك هێرش كرایە سەر بنكەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین، بەڵام درۆنەكە تێكشكێنرا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل