سەرچاوەیەك: موجتەبا خامنەیی پاڵپشتی لە كاندیدبوونی مالیكی دەكات

:: PM:05:32:29/03/2026 ‌

بەپێی راپۆرتەكان كاندیدبوونی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوكاتە رەت كرایەوە كە عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران پاڵپشتی لە كاندیدبوونی كرد، سەرۆكی ئەمەریكا تویتێكی كرد و كاندیدبوونی مالیكی رەت كردەوە، سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژە دەكات كە رابەری نوێی ئێران پەیامێكی داوەتە سەركردەكانی عێراق و پاڵپشتی لە كاندیدبوونی مالیكی كردووە.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرای كرد كە موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران پەیامێكی ئاراستەی سەركردە سیاسییەكانی عێراق كردووە و هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆخی ناوچەكە و پێوەندی لەگەڵ عێراق باس كردووە، بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم شاندێك كە لە هەریەك لە شێخ هومان حەموودی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و ئەبو فەدەك محەمەداوی سەركردە لە حەشدی شەعبی و كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی و باڵوێزی ئێران لە عێراق و ژمارەیەك كەسایەتیی عێراقی و ئێرانی، چاویان بە نووری مالیكی كەوتووە. 

سەرچاوەكە روونی كردەوە، شاندەكە پەیامێكیان لە موجتەباوە رادەستی نووری مالیكی كردووە، تیایدا سوپاسی گەلی عێراقی كردووە بۆ پاڵپشتیكردنی ئێران لەو شەڕەی ئێستە هەیە و دووپاتی لە سوپاسگوزاریی تاران بەرانبەر بەو هەڵوێستەی عێراق كردووەتەوە، هەر لە پەیامەكە دووپات لەوە كراوەتەوە كە ئێران پاڵپشتی لە عێراقییەكان دەكات، بەتایبەتی هەڵوێستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی كاندیدكردنی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

سەرچاوەكە لەوە زیاتر گوتی، پەیامی هاوشێوەی رێز و سوپاس لە موجتەبا خامنەییەوە ئاراستەی ژمارەیەك سەركردە عێراقی دەكرێت، جیا لە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل