نەتانیاهۆ: ڕووخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان گۆڕی

:: PM:08:01:29/03/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 29ی ئاداری 2026، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە گوتارێکدا ڕای گەیاند کە ڕووخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گۆڕیوە و سێ پشتێنەی تەناهییان لە ناو قووڵایی خاکی دوژمن لە سووریا، غەزە و لبنان دامەزراندووە.

نەتانیاهۆ لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، سەرقاڵی شەڕێکی فرەبەرەیین، زۆر بە توندی لە ئێران و بریکارەکانی دەدەین و دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنین." دووپاتی کردەوە کە "ئێران هەمان ئێرانی ڕابردوو نییە، حزبوڵا هەمان حزبوڵا نییە، حەماسیش هەمان حەماس نییە."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕوونی کردەوە کە چیتر ئەمانە سوپا نین هەڕەشە لە بوونی ئیسرائیل بکەن، بەڵکو ئەوان دوژمنێکی دۆڕاون و شەڕ بۆ مانەوە دەکەن. گوتیشی، گوتتمان ڕووخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین، کردمان. تێڕوانینمان بۆ ئاسایش گۆڕی، ئێستە ئێمە دەستپێشخەرین و هێرش دەکەین.

سەبارەت بە پشتێنە تەناهییەکان، نەتانیاهۆ ئاشکرای کرد کە سێ ناوچەی تەناهییان لە قووڵایی خاکی دوژمن دامەزراندووە، لە سووریا لە لووتکەی جەبەل شێخەوە بۆ ڕووباری یەرمووک و لە غەزە نیوەی ڕووبەری کەرتی غەزەیە، لە لبنانیش ناوچەی تەناهی فراوان دەکەین. ئامانج لەمەیش، تێکشکاندنی مەترسیی هێرشە بە تەواوی و دوورخستنەوەی مووشەکی دژەتانکە لەسەر سنوورەکان.

لە کۆتایی قسەکانیدا، نەتانیاهۆ باسی لە حەسەن نەسروڵا کرد و گوتی، پێویستە ددان بەوەدا بنێین کە نەسروڵا لێرەدا هێزێکی گەورەی بنیات نابوو، پێی وابوو بەم هێزە دەتوانێت لەناومان ببات، بەڵام ئێمە لەناومان برد و مەترسییەکەشی لەناو دەبەین.


وشە - پۆڵا مەحموود