مەبەست لە پێكهێنانی لیژنەی هاوبەشی تەناهیی بەغدا و واشنتن چییە؟

:: PM:08:35:29/03/2026 ‌

دەركەوت تا ئێستە بەرپرسانی عێراق ناتوانن خۆیان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران یەكلا بكەنەوە، لەوە زیاتر ترسیان لە راكێشانیان بۆ ناو شەڕێك هەیە كە عێراق بەرگەی ناگرێت، جیا لە ترسی هێزە سیاسییەكانی شیعە لە لەدەستدانی دەسەڵات لە عێراق، بەم دواییە لیژنەیەكی هاوبەشی تەناهی لە نێوان عێراق و ئەمەریكا هاتە پێكهاتن، كە لێكدانەوەی جیاواز بۆ كاری لیژنەكە لەو قۆناغە دەكرێت. 

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئەمەریكا لە چوارچێوەی پتەوكردنی هاوبەشیی ستراتیجی لە نێوان هەردوو وڵات راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە مەبەست لەو هەنگاوە رێگرتنە لە هێرشەكان و مسۆگەری بەكارنەهێنانی خاكی عێراقە بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتان، هەردوولا رێككەوتوون بۆ زیادكردنی هاریكاری و پاراستنی هێزە تەناهییەكان و شوێنە گرنگ و نێردە دیپلۆماسییەكان و مانەوەی عێراق لە دەرەوەی بازنەی شەڕ. 

سەرچاوەیەكی تەناهی دەڵێت، رێككەوتنەكە چەند رێوشوێنێكی مەیدانی دەگرێتەوە، لەوانە دوورخستنەوەی سەربازگە فەرمییەكان لە بارەگەی میلیشیاكان، لەوانە حەشدی شەعبی  بۆ دووربوونیان لە هێرشەكان، بەغدا رازی بووە بۆ گواستنەوەی هێزە سەربازییەكان بۆ دوورخستنەوەیان لە كردنەئامانجی هێزە تێكەڵەكان، چونكە هێزە تەناهیەیكانی عێراق بە زەجمەت دەتوانن بڕیارەكانیان بەسەر میلیشیاكان بسەپێنن و ئەوەش وای كردووە حكوومەت پەنا بۆ ئەمەریكا ببات.

 لای خۆیەوە كەمال تائی شارەزای تەناهی دەڵێت، پێكهێنانی لیژنەكە سەرەتای رێڕەوێكی نوێی مامەڵەكردنە لەگەڵ میلیشیاكان و داڕشتنەوەی دۆخی تەناهی بە شێوەیەكی روونتر، چەند ئاماژەیەك هەن بە بوونی پلانێكی فرەوانتر لەوەی تەنیا بۆ ئەم قۆناغە بێت، بۆ دوای كۆتاهاتنی شەڕ لە ناوچەكە درێژ بێتەوە، بەتایبەتی بۆ كۆنترۆڵكردنی چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، بەڵام بە هەنگاو و نەبێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی ناوخۆیی، ئەوەی روودەدات سوودبینین ئەمەریكایە لە دۆخی ناوچەكە و چارەسەركردنی دۆسیەی میلیشیاكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل