ئەمڕۆ یەکشەم 29ی ئاداری 2026، گوتەبێژی قەرارگەی فەرماندەییی خاتەمولئەنبیای ئێران، وەڵامێکی توندی هەڕەشەکانی ئەمەریکای دایەوە و ڕای گەیاند کە هێزە چەکدارەکانیان لە مێژە چاوەڕوانی هاتنی سەربازانی ئەمەریکان بۆ ئەوەی بیانکەنە نێچیری نەهەنگەکانی کەنداو.
گوتەبێژەکە لە لێدوانێکدا هێرشی توندی کردە سەر سەرۆکی ئەمەریکا و گوتی، ترەمپ کە بە درۆزنترین سەرکردەی جیهان ناسراوە و کێشەی ڕاڕایی هەیە، بەهۆی فشارەکانی مۆساد و تۆمارەکەی لە کاروباری ئیپستین، بووەتە ئامرازێک لە دەستی نەتانیاهۆدا.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی یان داگیرکردنی دوورگەکانی ناو کەنداو، جگە لە خەیاڵ هیچی تر نییە.
لە درێژەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە، ئێمە لە مێژە چاوەڕوانی ئەو جۆرە کارە دەکەین و دەیسەلمێنین کە هەر دەستدرێژییەک یان داگیرکارییەک بە گرتن، پارچەپارچەکردن و ڕیسواکردن کۆتایی دێت، و سەربازانی ئەمەریکا دەبنە نێچیرێکی ئاسان بۆ نەهەنگەکانی کەنداو.
لە کۆتاییدا گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا هۆشداریی دا و ڕای گەیاند کە هێزە چەکدارەکانی ئێران خولەکەکان دەژمێرن بۆ لەناوبردنی سوپای ئەمەریکا، ئەگەر بێتو ترەمپی "شێت" هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات.