پزیشکیان: هەر بڕیارێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دوای هەڵسەنگاندنی هەموو مەرجەکان دەبێت

:: PM:08:24:30/03/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 30ی ئاداری 2026، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، دووپاتی کردەوە کە هەر بڕیارێک سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ، دوای لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو بارودۆخ و مەرجانە دەدرێت کە خراونەتە ڕوو، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە پێی ناوەتە 31یەمین ڕۆژییەوە.

بەپێی ئاژانسی "ئیرنا"ی ئێرانی، پزیشکیان لە کۆبوونەوەیەکی حكوومەتدا ڕای گەیاند، بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی کارا و ڕێکخراو، بەیەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سەقامگیریی نیشتمانی لەم بارودۆخەی ئێستەدا دادەنرێت.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوە دا کە خەباتی هێزە چەکدارەکان لاپەڕەیەکی زێڕینە لە مێژووی دێرینی ئەم خاکەدا، و ڕوونی کردەوە کە "ئامادەبوونی هۆشیارانە و جێگیری خەڵک لە گردبوونەوە شەوانەکاندا، سەرمایەیەکی بەنرخە بۆ تێپەڕاندنی ئەم ساتە چارەنووسسازە. هەروەها باسی لەوە کرد کە ئێران ئەمڕۆ وەک گەوهەرێکی درەوشاوە لە گۆڕەپانی جیهانیدا دەدرەوشێتەوە و بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ گەلانی ئازادی جیهان.

لە کۆتایی قسەکانیدا، پزیشکیان دووپاتی کردەوە کە هەر بڕیارێک سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ، دوای لێکۆڵینەوە لە سەرجەم ئەو بارودۆخانە دەدرێت کە لە ئارادان، ئەویش لە چوارچێوەی مسۆگەرکردنی کەرامەت، ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی گەلی مەزنی ئێران.

پێشتر و هەر ئەمڕۆ دووشەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هەڕەشەی پەرەسەندنێکی سەربازیی بەرفراوان و "بێپێشینە"ی دژی ئێران کرد، ئەگەر بێتو دانوستانەکانی ئێستە شکست بهێنن، ئەوەش تەنیا هەفتەیەک پێش کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی کە لە شەشی نیسانی داهاتوودا کۆتایی دێت.

جێگەی باسە، لە 28ی شوباتی ڕابردوو، ئیسرائیل و ئەمەریکا هێرشێکی بەردەوامیان کردە سەر ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی سەتان کەس، لە ناویاندا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئەو وڵاتە. دواتر لە دووی ئاداردا، پانتایی جەنگەکە فراوان بوو و لوبنانیشی گرتەوە. لە بەرانبەریشدا، ئێران وەڵامی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلی دایەوە، ئەمەش لێکەوتەی فراوانی لە وڵاتانی ناوچەکە لێ کەوتەوە و کاریگەرییەکەی هەریەک لە عێراق، ئیسرائیل، ئوردن، کوێت، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات و سعوودیەی گرتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود