ترەمپ: سەرکردایەتییە نوێیەکەی ئێران مامەڵەکردن لەگەڵیاندا ئاسانە

:: PM:08:37:30/03/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 30ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ئەو گرووپە نوێیەی سەرکردایەتیی ئێران دەکەن بە "ئاسان" وەسف کرد، لە کاتێکدا دووپاتی کردەوە کە موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ئەو وڵاتە بە سەختی بریندارە و باری تەندروستیی خراپە.

ترەمپ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" ڕای گەیاند، بەمنزیکانە بۆمان دەردەکەوێت ئایا قالیبافی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئامادەیە هاوکاریمان بکات یان نا، و ئاماژەی بەوە دا کە گۆڕانکارییەکی گشتگیر لە ڕژێمی ئێراندا ڕووی داوە و ئێستە مامەڵە لەگەڵ گرووپێکی نوێ و میانڕەوتر دەکەین.

ترەمپ زیاتر گوتی، کەس هیچ شتێکی لەبارەی موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێوە نەبیستووە و ئەو بە سەختی بریندارە، ڕوونیشی کردەوە، پێمان وایە موجتەبا خامنەیی لەوانەیە لە ژیاندا مابێت، بەڵام باری تەندروستیی زۆر خراپە.

لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەکەدا سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی کرایە سەر پاڵاوگەیەکی نەوت لە حەیفا، ترەمپ بە کورتی گوتی، بەمنزیکانە ئەوە دەبینن.

لە کۆتاییدا سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا کە ئەو گرووپە نوێیەی ئەمڕۆ سەرکردایەتیی ئێران دەکەن، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا ئاسانترە لەو سەرکردایەتییەی کە کوژران، و لە ماوەی یەک هەفتەدا ناوی ئەو کەسایەتییەتان پێ دەڵێم کە لە ناو ئێراندا گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەین.


وشە - پۆڵا مەحموود