تا ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە نەیتوانیوە بەسەر تەنگژەی كاندیدی سەرۆك وەزیران زاڵ ببێت، چوارچێوەكە دوای مشتومڕێكی زۆر لە 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ رای گەیاند كە نووری مالیكی كاندیدی ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام تویتێكی سەرۆكی ئەمەریكا كاندیدبوونەكەی وەستاند، تا ئێستەش ئەو بابەتە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، سەرچاوەیەك باسی گۆڕینی كاندیدی شیعە دەكات.
سەرچاوەكە گوتی، هەندێك هێزی كاریگەری شیعە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی خەریكی تاوتوێكردنی كۆمەڵە ناوێكی نوێن وەك كاندیدی سەرۆكی حكوومەتی نوێ، ئەوەش بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكانی چوارچێوەكە لەسەر كانیدێكی دیاریكراو لە دوای تویتەكەی سەرۆكی ئەمەریكا كە راشكاوانە كاندیدبوونی مالیكی بۆ ئەو پۆستە رەت كردەوە.
زیاتر گوتی، هاوكات بیرۆكەی نوێكردنەوەی پۆستەكە بۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەر رەت كراوەتەوە، ئەوەش دوای گەیشتنی ئاماژە لە ژمارەیەك سەركردەی ئاینی، بۆیە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو جموجۆڵ و كۆبوونەوەی بەردەوام بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی قبووڵكراو لە لایەن هەمووان بكرێت لە دوای تاوتوێكردنی ئەو ناوانەی هێزە كاریگەرەكان دەیخەنە روو.
سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە ئەگەر هاوپەیمانیی ئیعمار و تەنمییەی سوودانی نەیتوانی سەرۆكەكەی وەك كاندیدی بۆ وەرگرتنی دووەم خولی ئەو پۆستە تێپەڕ بكات، ئەگەری هەیە ناوی بەها ئەعرەجی وەك شوێنگرەوەی سوودانی بخاتە روو، كە سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیەتییەكەیە لە پەرلەمان.