ئەمڕۆ دووشەم 30ی ئاداری 2026، کارۆلین لێڤیت گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕای گەیاند کە ئێران لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا ڕەزامەندیی لەسەر هەندێک لە خاڵەکانی ئەمەریکا دەربڕیوە، هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکەی کە لە شەشی نیسانی داهاتوودا کۆتایی دێت، بگاتە ڕێککەوتن.
لێڤیت لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕوونی کردەوە کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن و بە باشی بەڕێوە دەچن، گوتیشی، ئەوەی تاران بە ئاشکرا دەیڵێت جیاوازە لەوەی لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا بە بەرپرسانی ئەمەریکای دەڵێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەو ئێرانییانەی دانوستانیان لەگەڵدا دەکەین، لەپشت پەردەوە زیاتر میانڕەو دیارن بەراورد بە سەرکردەکانی پێشووتر کە ئێستە بوونیان نەماوە، و ئێمەش تاقیکردنەوە بۆ هەموو ئەو قسانە دەکەین کە ئێران لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا دەیانکات.
گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی پێشبینیی کرد کە خشتەی کاتیی جەنگی ئێران لە نێوان چوار بۆ شەش هەفتە دەمێنێتەوە، و هۆشداریی دا کە ئەگەر ئێرانییەکان دەرفەتی گەیشتن بە ڕێککەوتن ڕەت بکەنەوە، ئەوا سوپا ئامادەیە بۆ خستنەڕووی سەرجەم بژارە بەردەستەکان بۆ سەرۆک ترەمپ.
هەروەها دووپاتی کردەوە، ئەگەر ئێرانییەکان ئەم دەرفەتە زێڕینە ڕەت بکەنەوە، ئەوا گەورەترین هێزی سەربازی لە مێژووی جیهاندا لەوپەڕی ئامادەباشیدا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی هەموو بژارەیەکی بەردەست بخاتە بەردەم سەرۆک ترەمپ، بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی کە ئەم ڕژێمە بەردەوام بێت لە باجدانێکی قورس. جا بەم شێوەیە بێت یان بە شێوەیەکی تر، چیتر ئێران ئەو توانایەی نابێت کە هەڕەشە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یان هاوپەیمانەکانمان بکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا وڵاتانی عەرەبی هاوکار دەبن لە هەڵگرتنی تێچووی جەنگی ئێران، لێڤیت گوتی کە نایەوێت پێش هەڵوێستی سەرۆکە کۆمارییەکە بکەوێت، بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە بیرۆکەیەکی کراوەیە لای ترەمپ و تاوتوێ دەکرێت.
پێشتر و ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاندبوو کە مۆڵەتی لێدانی دامەزراوەکانی وزەی ئێران بۆ ماوەی 10 ڕۆژ تا شەشی نیسان درێژ دەکاتەوە، و ئاماژەی بەوە دابوو کە بڕیارەکە لەسەر داواکاریی تاران بووە، و "دانوستانەکان هێشتا بەردەوامن و زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن."