دوای ئەو هەواڵانەی باسی رفاندنی ژنەرۆژنامەوانێكی ئەمەریكی لە بەغدا كرا، بەوەی هێزە تەناهییەكانی عێراق بەدوایدا دەگەڕێن، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووپاتی كردەوە كە رفێنەری رۆژنامەوانەكەیان گرتووە و هەوڵی راوەدوونانی ئەوانیتر و ئازادكردنی رۆژنامەوانەكە دەدەن.
بەپێی
بەیاننامەیەكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ ژنەرۆژنامەوانێكی بیانی لە لایەن كەسانی نەناسراو رفێنرا، راستەوخۆ هێزە تەناهییە پێوەندیدارەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە و راوەدوونانی تۆمەتباران كرد، لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری و هەوڵی چڕی مەیدانی بەدواداچوونیان بۆ رفێنەران كرد.
زیاتر لە بەیاننامەكە هاتووە، دوای بەدواداچوون و راوەدوونانی رفێنەران، ئۆتۆمبێلێكی ئەوان گەمارۆ درا و لە كاتی هەوڵی هەڵاتن ئۆتۆمبێلەكە وەرگەڕا، هێزە تەناهییەكان توانیان رفێنەرێك بگرن و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا بگرن، ئێستەش هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی رفێنەرەكانی تر و ئازادكردنی رفێنراوەكە بەردەوامە، هەروەها وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر بە هەموو ئەوانەی لە كارە تاوانكارییە بەپێی یاسا.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووپاتی كردەوە كە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان كە دواتر دێتە راگەیاندن، ئاماژەی كرد كە رێگە بە هیچ هەوڵێك بۆ شێواندنی ئاسایش و كردنەئامانجی مێوانانی بیانی نادەن و راوەدووی یاساشكێنەكان دەنێن و دەیاندەنە دادگا.
ئەمڕۆ سێشەم سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە شیلی كتلسۆن ژنەرۆژنامەوانی ئەمەریكی لە نزیك هوتێلی فەلەستین لە شەقامی سەعدوون لە ناوەڕاستی بەغدا رفێنراوە، هێزە تەناهییەكانی عێراق خەریكی لێكۆڵینەوەن بۆ دیاریكردنی چارەنووسی.