هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، شەڕی ئەمەریكا و میلیشیاكان لە عێراق بەردەوامە، ئەمڕۆ چەند هێرشێكی ئاسمانی كرایە سەر بارەگە و خاڵە تەناهییەكانی میلیشیاكان لە نەینەوا و ئەنبار، بەو هۆیەوە كوژراو و بریندار هەیە، سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژەی كرد كە زنجیرە هێرشێك بارەگەیەكی حەشدی شەعبی لە رۆژهەڵاتی نەینەوا كردووەتە ئامانج.
سەرچاوەكە روونی كردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی نەناسراو حەوت جار بارەگەی لیوای 30ی حەشدی شەبەكی لە ناوچەی قەلعات لە شارەدێی بەرتلە لە دەشتی رۆژهەڵاتی نەینەوا كردووەتە ئامانج، وەك زانیاریی سەرەتایی زیانی گیانی نەبووە، بەڵام لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە و پێشتریش ئەو بارەگەیە چەند جارێك بۆردمان كراوە.
ئەمڕۆ سێشەم لیوای 17ی حەشدی شەعبی لە سنووری شارۆكەی رەتبە لە پارێزگای ئەنبار كەوتە بەر هێرشی ئاسمانیی ئەمەریكا و ئیسرائیل و بەو هۆیەوە زیانی گیانی و مایەكی لێ كەوتەوە، دەستەی حەشدی شەعبی رای گەیاند كە لە هێرشەكەدا سێ چەكداریان كوژراوە و ژمارەیەكیش بریندارن.
بەپێی بەیاننامەیەكی دەستەی حەشدی شەعبی، سەعات 14:30 خولەكی ئەمڕۆ سێشەم سنووری كەرتی لیوای 17ی حەدشی شەعبی لە بازگەی سوودانی لە شارۆكەی رەتبە سەر بە پارێزگای ئەنبار كەوتە بەر هێرشی ئاسمانیی ئەمەریكا و ئیسرائی، بەهۆی هێرشەكەوە سێ چەكداری حەشد كوژران و چواریش بریندار بوون.