چەند جارێكە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا باسی دانوستان و خواستی كۆتاهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران دەكات، بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن لە سەركەوتن نزیكن و شەڕەكە بە مەرجەكانی ئەمەریكا دەوەستێت، هاوكات ئێرانیان لە نێوان رێككەوتن و هێرشی بەهێزتر سەرپشك كردووە، ئەمڕۆ سەرۆكی ئێران رای گەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ وەستانی شەڕ، بەڵام دەبێت گەرەنتی هەبێت.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە پێی وایە بەمنزیكانە شەڕ لەگەڵ ئێران دەوەستێت،
مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بۆ وەستانی ئەو شەڕەی 32 رۆژە بەردەوامە ئامادەیە، بەڵام بە مەرجی بوونی گەرەنتی، پزیشكیان پێی وایە كە واشنتن باوەڕی بە دیپلۆماسیەت نییە و دوو جار لە كاتی دانوستانەكان هێرشی كردووەتە سەر ئێران، وەك ئاماژەیەك بۆ شەڕی ئێستە و شەڕی 12 رۆژەی هاوینی رابردوو.
ئەمڕۆ سێشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی "نیویۆرك پۆست"، گوتی، پێم وایە بەمنزیكانە شەڕ لەگەڵ ئێران دەوەستێت، وڵاتانی تر دەتوانن خۆیان كار لەسەر كردنەوەی گەرووی هورمز بكەن، ئەمەریكا تەواوی توانا سەربازییەكانی ئێرانی لەناو بردووە، بەڵام هێشتا كارمان بۆ وەستانی هێرشی ئێرانییەكان ماوە.
سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە تاكە ئەركی ئەو دووپاتكردنەوە بوو لەوەی ئێران نەبێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، سەبارەت بە گەرووی هورمز، ئەوكاتەی ئێمە رۆیشتین گەرووەكە خۆی دەكرێتەوە، پێشتر ئەوەی گوت كە ئەمباری یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران لەژێر زەوی ماوەتەوە و دەرهێنانی بابەتێكی ئاڵۆزە و كاتی پێویستە، بەڵام بڕیار لەبارەی ئەو ئەمبارەی تاران لە یۆرانیۆم دەدەین.