ئەمڕۆ سێشەم رفاندنی ژنەرۆژنامەوانێكی ئەمەریكا لە ناوەڕاستی بەغدا هاتە راگەیاندن، وەزارەتی ناوخۆی عێراق گرتنی رفێنەرێكی راگەیاند، سەرچاوەیەكی تەناهیش ئاشكرای دەكات رفێنەرەكە سەر بە هێزێكی تەناهیی عێراقە و رفێنەرانی تر رۆژنامەوانەكەیان بەرەو پارێزگای بابل بردووە.
بەپێی
سەرچاوەیەكی تەناهی، ئەو رفێنەرەی لە لایەن هێزە تەناهییەكانی عێراق دوای گەمارۆدانی و وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەكەی گیراوە، كارمەندێكی تەناهییە و هاوەڵی رۆژنامەوانەكە بووە، رۆژنامەوانەكە بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەی لە كاتی رفاندنی تووشی رووداو بووە، بریندارە، راستەوخۆ دوای رووداوەكە و لە ناوەڕاستی رێگە، رۆژنامەوانەكە بۆ ئۆتۆمبێلێكی تر گوازراوەتەوە و بەرەو ناوچەیەكی پارێزگای بابل بردراوە، وەك لە داننانی تۆمەتبارە گیراوەكە هاتووە.
سەرچاوەكە ئەوەشی گوت كە ئێستە دەزگای هەواڵگریی عێراق لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكات و گیراوەكەش لای ئەوانە، رفێنەرەكان هەڵاتوون و رۆژنامەوانە ئەمەریكییەكەشیان لایە، رووداوەكە بەو شێوەیە بووە، لە شەقامێكی بەغدا ئۆتۆمبێلێك لە نزیك رۆژنامەوانەكە وەستاوە و ژمارەیەك چەكدار ناچاریان كردووە لەگەڵیان بچێت و دوای بردنی بە زۆر بەپەلە رۆیشتوون و بەپێی میدیاكان ئەویان بەرەو پارێزگای بابل بردووە.
بەپێی سەرچاوە عێراقییەكان، لە رێڕەوی هەڵاتنی رفێنەران دیارە ئەوان شیلی كیتلسۆنی رفێنراویان بەرەو ناوچەی جەرف سەخر، یەكێك لە دیارترین حەشارگەی میلیشیاكانی ئێران لە پارێزگای بابل بردووە.