ئێران نهێنیی ونبوونی موجتەبا خامنەیی ئاشكرا دەكات

:: PM:05:44:01/04/2026 ‌

لە دوای چەند رۆژێك لە كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لە هێرشە ئاسمانییەكەی 28ی شوباتی رابردوو بۆ سەر كۆبوونەوەیەك لە تاران لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، هاتە راگەیاندن كە موجتەبا خامنەیی كوڕی سەرەڕای برینداربوونی لەو هێرشە، وەك رابەری باڵای نوێی ئێران دانراوە، لەو ساتەوە ئەو دیار نییە و جارجار پەیامێك بە ناوی ئەوەوە دێتە بڵاوكردنەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران نهێنیی ونبوونی موجتەبا خامنەیی ئاشكرا دەكات.

وەك میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی كردووە كە تەندروستیی موجتەبا خامنەیی زۆر باشە و دواكەوتنی دەركەوتنی بۆ دۆخی شەڕ دەگەڕێتەوە، وەك ئاژانسی "ئێرنا"ی ئێرانی باسی كرد، دووپاتی كردەوە كە هیچ كەس متمانەی بە دیپلۆماسیەتی ئەمەریكا نەماوە، ئەو وڵاتە دیپلۆماسیەت و دانوستان لە پاڵ هێزی سەربازی بۆ سەپاندنی داواكارییەكانی بەكار دێنێت.

وەزارەتەكە دووپاتی كردەوە، بۆیە تاران بەرگری لە خۆی دەكات بۆ دووبارەنەبوونەوەی شەڕێك كە ئەمەریكا لە لایەن ئیسرائیلەوە راكێشراوەتە ناویەوە.

هەر ئەمڕۆ كەناڵێكی تەلەڤزیۆنیی بەرگریكار بۆ رژێمی ئێران بڵاوی كردەوە كە ئەنجوومەنێكی باڵای سەربازی كە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسدارانی لەخۆ گرتووە، ئەوانن فەرمانڕەوایەتیی ئێران دەكەن و كۆنترۆڵی تەواوی بابەتەكان دەكەن، پەرژینێكی تەناهییان بە دەوری موجتەبا خامنەیی دروست كردووە و رێگری لە گەیشتنی راپۆرتەكانی حكوومەتی مەسعوود پزیشكیان لەبارەی دۆخی ئێران بۆ ئەو دەكەن.      


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل