بە درۆن هێرش كرایە سەر فڕۆكەخانەی بەغدا

:: PM:08:06:01/04/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتە سەربازییە ئاسمانییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، شەڕی میلیشیاكان و ئەمەریكا لە عێراق بەردەوامە، ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن كە بارەگەی لیوایەكی حەشدی شەعبی لە تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا بۆردمان كراوە، ئەمشەویش بە درۆن هێرش كرایە سەر ناوەندی پاڵپشتیی لۆجیستیی سەر بە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە فڕۆكەخانەی بەغدا.

سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژەیە كرد ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم بە درۆن هێرش كراوەتە سەر ناوەندی پاڵپشتیی لۆجیستی سەر بە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، درۆنەكە تێك شكێنراوە و لە دەوروبەری فڕۆكەخانەكە كەوتووەتە خوارەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

دووشەمی رابردوو عەبدولئەمیر شمەری وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانی دا بە دەست پێكردنی لێكۆڵینەوەیەكی فرەوان لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندەی تەناهی لە كەرتی مەدائین، ئەوەش بەهۆی ئەو پێشێلكارییە تەناهییانەی شەوی رابردوو لە ناوچەكە روویان دا، فەرمانەكە دوورخستنەوەی بەپەلە و راستەوخۆی هەریەك لە بەڕێوەبەری پۆلیسی مەدائین و بەڕێوەبەری بەشی هەواڵگری و فەرماندەی فەوجی دووی لیوای چواری پۆلیسی فیدرالی گرتەوە.  

جیا لەوە راگرتن و رەوانەكردنیان بۆ لێكۆڵینەوە، ئەوەش بەهۆی كەمتەرخەمییان لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانی پێیان سپێردراوە، هەروەها وەزیری ناوخۆ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ رووداوی هەڵدانی چوار مووشەك بەرەو فڕۆكەخانەی بەغدا كە لە ناوچەی بەرپرسیارەتیی ئەوانەوە هەڵدراوە، بۆ دیاریكردنی ئەو بۆشاییانەی بووەتە هۆی ئەو بۆردمانانە، وەزیرەكە دووپاتی كردەوە كە هەر ئەفسەرێكی تەناهی كەمتەرخەمی لە ئەركەكانی بكات لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل