بەریتانیا کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی بژارە سەربازییەکان دژی ئێران ڕێک دەخات

:: PM:09:15:01/04/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم یەکی نیسانی 2026، ئاژانسی "بلومبێرگ"  ئاشکرای کرد کە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، سبەی پێنجشەم کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ دانانی چەند بژارەیەک، لە نێویاندا بژارەی سەربازی، سەبارەت بە ئێران و گەرووی هورمز ئەنجام دەدات.

بلومبێرگ لە زاری سەرچاوەکانەوە گواستیەوە کە ئیڤێت کووپەر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، سبەی میوانداریی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین دەکات سەبارەت بە گەرووی هورمز، و ئاماژەیان بەوە دا کە کۆبوونەوەکە تاوتوێی گرتنەبەری ڕێوشوێن دژی ئێران دەکات، کە بەئامانجگرتنی هەردوو کەرتی نەوت و کەشتیوانی لەخۆ دەگرێت، ئەگەر دیپلۆماسیەت شکست بهێنێت.

سەرچاوەکان ئەوەشیان خستە ڕوو کە ڕێڕەوی سەربازی لەوانەیە تیشک بخاتە سەر یارمەتیدان لە پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز و هەڵگرتنەوەی مینەکان دوای وەستانی جەنگ، و ڕوونیان کردەوە کە گفتوگۆکان سەبارەت بە بژارە سەربازییەکان هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکاندایە و نابێتە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەم.

سەرچاوەکان زیاتر گوتیان، وڵاتە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە لەوانەیە مەرج بۆ بژارە سەربازییە پێشبینیکراوەکان سەبارەت بە ئێران دابنێن ئەگەر پێویست بکات"، و ئاماژەیان بەوە دا کە کۆبوونەوەکەی پێنجشەم تیشک دەخاتە سەر ڕێڕەوی دیپلۆماسی و هاوئاهەنگیی ئەو هەوڵانەی لەلایەن ئەو وڵاتانەوە سەرکردایەتی دەکرێن کە کەناڵی پێوەندییان لەگەڵ تاران هەیە. هەروەها ڕوونیان کردەوە کە هاوپەیمانەکانی واشنتن تاوتوێی بژارەی دیپلۆماسی، ئابووری و سەربازی دەکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران ئەگەر داخستنی گەرووی هورمز بەردەوام بێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر و هەر ئەمڕۆ چوارشەم، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، داوای لە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کرد بەردەوام بن لە بەکارهێنانی ئەوەی بە بەرەی داخستنی گەرووی هورمز وەسفی کرد.

لەلایەکی ترەوە، گۆڤاری "زە ئەتلەنتیک"ـی ئەمەریکایی هەر ئەمڕۆ چوارشەم دووپاتی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هێشتا بژارەکانی هێرشی زەمینیی بۆ سەر ئێران یەکلا نەکردووەتەوە، و ئاماژەی بەوە دا کە بەرپرسانی ئەمەریکا پلانیان بۆ دوو هێرشی زەمینی داناوە.

هاوکات ترەمپ لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا دووپاتی کردەوە کە ئێران "هەموو شتێکی دۆڕاندووە" و هەوڵی ئەنجامدانی ڕێککەوتن دەدات، بەڵام میدیاکان تیشک ناخەنە سەر ئەوە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تەنیا بۆ ماوەی دوو یان سێ هەفتە لە ناو ئێران دەمێنێتەوە.

لە هەمان کاتدا، ڕۆژنامەی مەعاریڤی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی "کورت و بەهێز" دژی ئێران، پێش چوونە ناو هەر دانوستانێکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ تاراندا.


وشە - پۆڵا مەحموود