پنتاگۆن 18 فڕۆكەی جەنگیی تر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

:: PM:12:15:02/04/2026 ‌

وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا "پنتاگۆن" بڕیاری داوە، ژمارەی فڕۆكە جەنگییەكانی جۆری ئەی 10ی سەربە هێزی ئاسمانیی ئەمەریكا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بكات و هێرشەكانیش بۆ سەر ئێران چڕتر و زیاتر بكات.

دوو بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا بۆ ڕۆژنامەی "نیۆیۆرك تایمز" بڵاویان كردەوە، هێزی ئاسمانیی ئەمەریكا 18 فڕۆكەی جەنگی تر لە جۆری ئەی 10 بۆ چوونە ڕیزی 12 لەمجۆرە فڕۆكەیە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، بەمشێوەیەیش ژمارەی فڕۆكەی ئەی 10 كە لە ئۆپراسیۆنی داستانی تووڕەیی بەشدارن، دەگاتە 30 فڕۆكەی جەنگی.

ئەو جۆرە فڕۆكەیە دەتوانێ یارمەتیی هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكا بدات، بۆ گێڕانەوەی كۆنترۆڵ و سەپاندنی هەژموون لە ناوچەكانی نزیك گەرووی هورمز و ڕێڕەوی دەریایی تێپەڕینی كەشتییە بازرگانییەكان كە لە دوای دەستپێكردنی جەنگ، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە نیمچە داخراوی هێشتوویەتییەوە، هەروەها دەتوانرێ كۆنترۆڵی ئاسمانی دوورگەی خارگ بكات كە ناوەندی سەرەكی هەناردەكردنی نەوتی ئێرانە بۆ دەرەوە.

سەرەتا ئەو فڕۆكانە دەگەیەنرێنە بنكەی لاكنهێسی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا، لەوێشەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەونە ڕێ.

رەوانەكردنی فڕۆكەی جەنگی زیاتری ئەمەریكی بۆ ناوچەكە، هاوكاتە لەگەڵ قسەكانی شەوی ڕابردووی ترەمپ كە دووپاتی لە بەردەوامیی هێرش و بۆردمانەكان بۆ سەر ئێران كردەوە، بیرۆكەی دابەزینی هێزی سەربازی لە ناو خاكی ئێران و هێرش بۆ سەر دوورگەی خارگیش لەلایەن پنتاگۆنەوە گەڵاڵە كراوە و ئەگەری ئەنجامدانی لە ئارادایە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د