حەشدی عەشائیری لە گەیارە بۆردمان كرا

:: PM:01:01:02/04/2026 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی ئەمڕۆ پێنجشەم ئاشكرای كرد، فڕۆكەی جەنگی بۆردمانی بنكەیەكی حەشدی عەشائیریان لە شارەدێی گەیارەی باشووری شاری مووسڵ كردووە.

ئەو سەرچاوەیە بە پێگەی "شەفەق نیوز"ی ڕاگەیاندووە، بۆردمانەكە بارەگایەكی سەربە كەرتی سەبعاوییەكانی ڕیزی حەشدی عەشائیری لە گوندی سوڵتان عەبدوڵا كردووەتە ئامانج كە بە بارەگای لیوای 58ی حەشدی عەشائیری ناسراوە، ئەمەیش یەكەمجارە حەشدی عەشائیری لەم ناوچەیە بۆردمان دەكرێت.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، تا ئێستەیش فڕۆكەی جەنگی بە ئاسمانی ئەو ناوچەیە دەسووڕێنەوە و زیانە گیانی و مادییەكانیش بەهۆی ئەو بۆردمانە تا ئێستە نەزانراوە.

ئەو هێرشە لە كاتێكدایە كە ئێوارەی دوێنێ چوارشەمیش فڕۆكە جەنگییەكان بۆردمانی  بارەگای لیوای 53ی  حەشدی شەعبییان لە  گوندێكی شارۆكەی تەلەعفەر كرد، بەوهۆیەوە ئەفسەرێك و سێ چەكداری تری حەشدی شەعبی گیانیان لە دەست دا.

حەشدی عەشائیری بە باڵی سوننەی حەشدی شەعبی هەژمار دەكرێ و دوای ئەوەی شیعەكان زۆرترین گرووپی حەشدی شەعبییان پێكهێنا، بۆ ڕاگرتنی دڵی سوننەكان و كۆنترۆڵكردنیان، حكوومەتی عێراق  بە دیاریكراویش فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، فەرمانی بە دروستكردنی حەشدی عەشائیری بۆ هۆزە سوننەكانی ناوچەكانی ڕۆژئاوا و باكوری ڕۆژئاوای عێراق دەركرد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د