قالیباف: حەوت ملیۆن ئێرانی ئامادەیی خۆیان بۆ هەڵگرتنی چەک ڕاگەیاندووە

:: PM:06:29:02/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسانی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕای گەیاند، لە کەمتر لە هەفتەیەکدا و لە هەڵمەتێکی نیشتمانیدا، حەوت ملیۆن ئێرانی ئامادەیی خۆیان بۆ هەڵگرتنی چەک دژی هەر هێرشێکی وشکانیی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکەیان دەربڕیوە.

قالیباف لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی دووپات کردەوە، هەروەها دووپاتی لەوە کردەوە کە "گەلی ئێران لە پێناو بەرگریکردن لە نیشتمان، درێغی ناکات لە قوربانیدان".

زیاتر گوتی، ئێمە بە هەموو ئەوەی هەمانە قوربانی بۆ وڵاتەکەمان دەدەین، لە پێناویدا گەنجەکانمان، خوێن و داهاتوومان بەخشیوە. ڕوونیشی کردەوە، ئێمە شەڕخواز نین، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر بەرگریکردن لە نیشتمان، هەموومان دەبینە سەربازی ئەو وڵاتە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کەمتر لە هەفتەیەکدا و لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی نیشتمانیدا، نزیکەی حەوت ملیۆن ئێرانی ئامادەیی خۆیان بۆ هەڵگرتنی چەک، وەستانەوە بە ڕووی دوژمن و بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان ڕاگەیاندووە. دووپاتیشی کردەوە کە قسەکردن تەنیا لەسەر بەرگریکردن نییە، بەڵکوو خوێنبەخشینە وەک چۆن پێشتر ڕووی داوە، لەگەڵ ئامادەیی تەواو بۆ دووبارەکردنەوەی ئەو کارە.

قالیباف ڕووی قسەکانی ئاراستەی لایەنی بەرانبەر کرد و گوتی، هەر نیەتێکی خراپ بەرانبەر بە نیشتمانەکەمان وا دەکات ڕووبەڕووی هەموومان ببنەوە، ئێمە چەکدارین، ئامادەین، جێگیرین و چاوەڕێتانین.

دوێنێ چوارشەم، گۆڤاری "زە ئەتلەنتیک" ئاشکرای کرد کە سوپای ئەمەریکا تاوتوێی ئەنجامدانی دوو هێرشی وشکانیی پێشبینیکراو لە ناو خاکی ئێران دەکات، کە بریتین لە بەئامانجگرتنی دوورگەی خارک کە ناوەندێکی سەرەکیی پیشەسازیی وزەی ئێرانە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە، ئەمەش لە چاوەڕوانیی بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکادایە.

گۆڤارە ئەمەریکییەکە بڵاویشی کردەوە کە لە پشووی کۆتایی هەفتەدا نزیکەی 3500 لە هێزەکانی پیادەی دەریایی و دەریاوانەکان گەیشتوونەتە ناوچەکە، پێشبینیش دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەمان ژمارە بگەن، ئەمە جگە لەوەی بە سەدان لە هێزەکانی ئۆپراسیۆنی تایبەت لە ئێستەدا بڵاو کراونەتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود