ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسانی 2026، سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی بەئامانجگرتنی ناوەندە "گەڕۆکەکانی" سەرکردایەتیی ئێرانی بۆ خۆپاراستن لە هێرشەکان ڕاگەیاند، هەروەها وێرانکردنی بنکەیەکی سەربە هێزەکانی زەوینیی لە سوپای پاسدارانی ئێران لە ناو تاران دووپات کردەوە.
بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی "جیرۆسالم پۆست" بڵاوی کردووەتەوە، ڕژێمی ئێران لەم دواییانەدا پەنای بۆ بەکارهێنانی یەکەی گەڕۆک وەک ناوەندی سەرکردایەتی بردووە، لە هەوڵێکدا بۆ خۆدزینەوە لە گورزەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا، ئەمەش پاڵپشت بەو زانیارییە هەواڵگرییانەی کە سوپای ئیسرائیل هاوبەشیی پێ کردووە.
سوپای ئیسرائیل ڕوونی کردەوە کە دوێنێ چوارشەم، هێرشێکی ئەنجام داوە کە بووەتە هۆی وێرانکردنی بنکەیەکی هێزەکانی زەوینیی سەربە سوپای پاسداران، شانبەشانی پێگەیەکی سەرکردایەتیی گەڕۆک، ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک هێرشدایە کە ژێرخانی ڕژێمەکەیان لە تاران کردووەتە ئامانج.
زیاتر گوتی، پشتبەستن بەم یەکە گەڕۆکانە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزییە لە لایەن تارانەوە بۆ خۆلادان لە بەئامانجگرتنی ئاسمانی، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک لەو پێگانە لە کاتێکدا بۆردومان کراون کە سەرکردەکانیان لە ناودا بووە.
لە هەمان کاتدا، سوپای ئیسرائیل بۆردومانکردنی پێگەیەکی عەمبارکردنی مووشەکی بالیستی لە ناوچەی تەورێز ڕاگەیاند، هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئەم گورزە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانە بۆ لاوازکردنی سیستەمی مووشەکیی سەربە ڕژێمی ئێران.
لە بەرانبەردا، ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی ئێرانی بڵاوی کردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم، گورزێکی ئاسمانی پردێکی سەرەکی لەسەر ڕێگەی خێرای نێوان تارانی پایتەخت و شاری کەرەجی دراوسێی کردووەتە ئامانج.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پردی "B1" کە ڕێگەیەکی گرنگی گواستنەوەیە لە نێوان هەردوو شارەکەدا، بەهۆی هێرشەکەوە زیانی بەرکەوتووە، بەبێ ئەوەی دەستبەجێ زانیاری لەسەر قەبارەی زیانەکان بەردەست بێت.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتە ئێرانییەکان کە "جیرۆسالم پۆست" گواستوویەتیەوە، هاوکات لەگەڵ هێرشەکەدا پچڕانی کارەبا لە شاری کەرەج ڕووی داوە، ئەمەش لە ناو دەنگۆی تێکچوونی ژێرخانی کارەبا، بەبێ ئەوەی پشتڕاست بکرێتەوە کە ئایا ئەو پچڕانە ڕاستەوخۆ بەهۆی بەئامانجگرتنی پردەکەوە بووە یان گورزی تری جیاواز.