کۆمکاری عەرەبی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبووڵی ناکات ئێران بە تەنیا کۆنترۆڵی هورمز بکات

:: PM:09:46:02/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسانی 2026، ئەحمەد ئەبو غەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، پێی وابوو کە ئێران لە سێبەری هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بە شێوەیەکی عەقڵانی مامەڵە ناکات، هاوکات پێویستیی پاڵپشتیکردنی پڕۆژەبڕیاری کەنداو سەبارەت بە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دووپات کردەوە.

ئەبو غەیت لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی "حەدەس"ـی سعوودی کە "وشە" بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕای گەیاند، ئێران بە شێوەیەکی عەقڵانی مامەڵە ناکات و هێرشە دوژمنکارییەکانی بۆ سەر کەنداو بەڵگەی ئەوەن، ڕوونیشی کردەوە کە هەڵوێستی کۆمکاری عەرەبی لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو ڕوونە، هەروەها هیچ یەکێک لە ئەندامانی کۆمکاری عەرەبی داوای پچڕاندنی پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران نەکردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبووڵی ناکات ئێران بە تەنیا کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بکات، و دەبێت پاڵپشتی لە پڕۆژەبڕیاری کەنداو بکرێت سەبارەت بە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.

پێشتریش لەمڕۆدا، ئەبو غەیت پێویستیی دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕی نێوان ئێران و هەریەک لە ئەمەریکا و ئیسرائیلی دووپات کردەوە، ئەوەش بەهۆی لێکەوتە مەترسیدارەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

لە میانی دیدارێکیشیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ئەبو غەیت گرنگیی جووڵەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە دووپات کردەوە، داواشی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بڕیارێک دەربکات کە ڕێوشوێنی یەکگرتوو لەخۆ بگرێت بۆ زامنکردنی گەڕاندنەوەی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، کە گرژییەکی پەرەسەندوو بەخۆیەوە دەبینێت.

هەروەها ڕوونی کردەوە کە وڵاتانی عەرەبی لایەنێک نەبوون لەم ململانێیەدا و هەوڵیشیان بۆ نەداوە، لە کاتێکدا هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی بە بێپاساو زانی و پێی وابوو دیمەنەکە ئاڵۆزتر دەکات.

ئەم لێدوانانە لە سێبەری هەڵکشانی توندیی ڕووبەڕووبوونەوە و گرژییە هەرێمییەکان دێت، لە ناو مەترسییە نێودەوڵەتییەکان لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووریی جیهانی و ئاسایشی وزە.



وشە - پۆڵا مەحموود