ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دوورخستنەوەی پام بۆندی، وەزیری دادی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ماوەیەک لە کارکردنی کە لە لایەن هەردوو پارتەکەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە دۆسیەکانی جێفری ئێپستین و شکست لە دادگاییکردنی نەیارە سیاسییەکانی ترەمپ.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە سەکۆی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، ئێمە پاممان خۆش دەوێت، ئەو دەچێتە سەر کارێکی نوێی داواکراو و گرنگ لە کەرتی تایبەت، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕادەگەیەنرێت. هەروەها جێگرە گشتییەکەمان، مێشکە یاساییە بەهرەمەند و زۆر ڕێزگیراوەکەمان، تۆد بلانش، بە وەکالەت پۆستی داواکاری گشتی وەردەگرێت.
بۆندی سەرکردایەتیی چەند هەوڵێکی شکستهێناویی کرد بۆ دادگاییکردنی لێتیشا جەیمس، داواکاری گشتیی نیویۆرک و جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، ئەمەش لە ناو گوشارە ئاشکراکانی ترەمپدا. سەرەڕای داواکاریی چالاکانی بزووتنەوەی "ماگا" بۆ تۆمەتبارکردنی زیاتر، هیچ بەڵگەیەکی شایستە بە دادگاییکردن نەبوو، ئەمەش ڕەخنەی بنکەی جەماوەریی کۆمارییەکانی لێ کەوتەوە.
جێی باسە، دۆسیەکانی جێفری ئێپستین بریتین لە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی یاسایی و کارگێڕی کە ئاشکرای دەکەن تۆڕێکی پێوەندی و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان هەبووە کە جێفری ئێپستین، وەبەرهێنەری ئەمەریکی و هاوبەشەکانی تێیدا تێوە گلاون، ئەم دۆسیانەش نامەی ئەلیکترۆنی لەگەڵ وێنە، ڤیدیۆ و بەڵگەنامەی دیاری دادگا لەخۆ دەگرن.