ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕای گەیاند کە بەئامانجگرتنی پردە مەدەنییەکان، ئێرانییەکان ناچار بە خۆبەدەستەوەدان ناکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پردی (B1) لە شاری کەرەج لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە کرایە ئامانج.
عێراقچی لە پۆستێکدا لە سەکۆی "ئێکس" کە "وشە" بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕای گەیاندووە، بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی، لە ناویاندا ئەو پردانەی نیوەتەواون، ئێرانییەکان ناچار بە خۆبەدەستەوەدان ناکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەم کارانە تەنیا ئاماژەن بۆ شکستی دوژمنێکی شڵەژاو و بێئومێد، لەگەڵ داڕمانە مەعنەوییەکەی.
عێراقچی دووپاتی کردەوە، هەر پردێک و هەر باڵەخانەیەک سەرلەنوێ دروست دەکرێتەوە و ئەم جارە بەهێزتریش دەبێت، بەڵام ئەوەی هەرگیز چاک نابێتەوە، ئەو زیانەیە کە بەر پێگە و ناوبانگی ئەمەریکا و متمانەی خەڵک بەو وڵاتە کەوتووە.
پێشتریش لەمڕۆدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە سەکۆی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیبووی، گەورەترین پرد لە ئێران دادەڕمێت و هەرگیز دووبارە بەکار ناهێنرێتەوە - و زیاتریش بەڕێوەیە! کاتی ئەوە هاتووە ئێران ڕێککەوتنێک بکات پێش ئەوەی کات بەسەر بچێت، پێش ئەوەی هیچ شتێک نەمێنێتەوە لەوەی کە دەکرا ببێتە وڵاتێکی مەزن.
لە لایەکی ترەوە، ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاوی کردەوە، پردێکی سەر ڕێگەی خێرا کە تارانی پایتەخت بە شاری کەرەج لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەبەستێتەوە، ڕووبەڕووی گورزی ئاسمانی بووەتەوە و بەو هۆیەوەش چەند کەسێک بریندار بوون.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو پردەی کراوەتە ئامانج، بە بەرزترین پرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت و پێشتر لە سەرەتای ئەمساڵدا کراوەتەوە.