بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر پاڵاوگەیەك لە کوێت

:: AM:09:22:03/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی سێی نیسانی 2026، دامەزراوەی نەوتی کوێت ڕای گەیاند، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر پاڵاوگەی مینا ئەحمەدی و بەهۆیەوە ئاگر لە چەند یەکەیەکی کارکردن کەوتووەتەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکی دامەزراوەی نەوتی کوێتدا کە دەست "وشە" کەوتووە، هاتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پاڵاوگەی مینا ئەحمەدی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگر لە چەند یەکەیەکی کارکردن کەوتووەتەوە.

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە تیمەکانی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوە دەستیان بە جێبەجێکردنی پلانەکانی بەهاناوەچوون کردووە و بە خێرایی کار دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی بۆ بەشەکانی تر.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە و ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتیی کرێکاران و دامەزراوەکان، دووپاتیشی کردەوە کە بەردەوامن لە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی گشتیی ژینگە بۆ چاودێریکردنی کوالێتیی هەوا لە ناوچەکانی دەوروبەری پاڵاوگەکە، تا ئێستەش هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیی ژینگەیی بەهۆی هێرشەکەوە تۆمار نەکراوە.

دامەزراوە کوێتییەکە ئەوەشی دووپات کردەوە کە بەتەواوی پابەندن بە بەرزترین پێوەرەکانی ئاسایش و سەلامەتی و بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری گشت ڕێوشوێنەکان بۆ زامنکردنی بەردەوامیی کارەکان و پاراستنی گیان و موڵکی گشتی.

پێشتریش سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوێت ڕای گەیاندبوو، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کوێت سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی چەندان هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوژمنکارانەیە.


وشە - پۆڵا مەحموود